محەمەد حاجی مەحموود: وڵاتانی عەرەبی وڵات نین و کۆیلەن بەتایبەتی عێراق هەر وڵات نییە
وێستگەنیوز-
محەمەد حاجی مەحموود، سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا رەخنەی توند لە دۆخی سەروەریی دەوڵەتی عێراق و شێوازی مامەڵەی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بەغدا دەگرێت و هۆشداری دەدات لە چەکدانانی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان.
سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکرات رایگەیاند: "لە هەر پارچەیەکی کوردستان، کورد چەکی دانا، ئەوە بزمار لە تابووتی خۆی دەدات؛ بۆیە پێویستە کورد واز لە بەغدا بهێنێت، خۆی خۆی بەڕێوەبەرێت و ئیرادەی خۆی بەهێز بکات".
لەبارەی دۆخی سیاسی و سەروەریی عێراقیشەوە، محەمەد حاجی مەحموود ئاماژەی بەوە کرد: "عێراق خۆی هیچ نییە، نە سەروەریی هەیە و نە هێزی هەیە؛ سوپای تورکیا لایەکی داگیرکردووە، ئاسمانی لەدەستی ئەمریکادایە و نەوتەکەشی دەفرۆشێت، زەوییەکەشی لەژێر دەستی ئێراندایە". وتیشی: "وڵاتانی عەرەبی وڵات نین و هەموویان کۆیلەن، بەتایبەتی عێراق هەر وڵات نییە".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆکی حزبی سۆسیال روونیکردەوە: "ئێمە پێشتر دەمانویست سەربەخۆیی رابگەیەنین، کەچی ئێستا تەواوی داواکاریی کورد بووەتە داوای پارە لە بەغدا، بەغداش بە ئارەزووی خۆی رۆژێک دەیدات و رۆژێک نایدات، بە جۆرێک کێشەی کورد وەک قەزییە نەماوە و تەنیا بووەتە پاڕانەوە لە بەغدا؛ لە بەرامبەریشدا بەرپرسانی بەغدا داوای 300 ملیار دۆلار لە هەرێم دەکەن و دەڵێن تا ساڵی 2025 نەوتتان فرۆشتووە و زیانتان لە عێراق داوە".
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، محەمەد حاجی مەحموود تیشکی خستەسەر کاریگەریی ململانێ سەربازییەکان لەسەر کەرتی سووتەمەنی و وتی: "بەهۆی شەڕەوە سووتەمەنی لە هەموو ناوچەکە، ئەوروپا و ئەمریکاش گران بووە و تەنیا لە ئێران هەرزانە. شەڕ لە نێوان ئێران و ئەمریکایە، بەڵام نەوت، بەنزین و سووتەمەنی نامێنێت و گران دەبێت، بە جۆرێک دوێنێ لای بەنزینخانەیەکەوە رەت بووم 10 کیلۆمەتر سەرەی بەنزین گیرابوو".
PM:12:40:16/09/2026
ئهم بابهته 444
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت