دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان: چوار پاسەوانی بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی دەستگیرکران
وێستگەنیوز-
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی چوار پاسەوانی بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ڕەفتاری نامرۆڤانەیان بەرامبەر خانەنشینان ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 15ـەی ئەیلولی 2026، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی چەند پاسەوانێکی سەر بە لیوای بەرگری و فریاکەوتن لە بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی بە شێوەیەکی ناپیشەیی و نامرۆڤانە هەڵسوکەوتیان بەرامبەر ئەو خانەنشینانە کردبوو کە بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان سەردانی بانکەکەیان کردبوو، لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی لێکۆڵینەوە پێكهێنرا.
ئاسایش ڕوونیشیکردووەتەوە، بە هاوبەشی لەگەڵ لیوای بەرگری و فریاکەوتن ئەنجومەنی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە پێکهێنراوە و لە ئێستادا 4 لە پاسەوانەکان ڕاگیراون و بەپێی دیسیپلین و ڕێکارەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
لە کۆتاییدا دەزگای ئاسایش هاوڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە لەوەی دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، ڕاگیراوەکان بەپێی یاسا بەرکارەکان ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە و جەخت دەکاتەوە لە هیچ جۆرە بێڕێزیکردن و شکاندنی شکۆی هاوڵاتییان چاوپۆشی ناکەن.
PM:10:47:15/09/2026
ئهم بابهته 472
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت