مەڵبەندی هەولێری یەکێتی: دەستگیرکردنی نوری گەرمیانی یاساییە و سیاسی نییە


وێستگەنیوز-

مەڵبەندی 3ی هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە روونکردنەوەیەکی فەرمیدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی دەستگیرکردنی هونەرمەندی میللی و ئەندامی مەڵبەندەکەیان "نوری گەرمیانی" ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە دۆسیەکەی بە تەواوی یاساییە.


مەڵبەندی هەولێری یەکێتی لە روونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر سەروەریی یاسا و رێزگرتن لە رێکارە دادوەرییەکان، بە پەرۆشەوە بەدواداچوونیان بۆ کەیسەکە کردووە و دەرکەوتووە کە دەستگیرکردنی ئەو هونەرمەندە بابەتێکی تەواو یاساییە و بەدەرە لە هەر کارێکی سیاسی.

هاوکات لە روونکردنەوەکەدا داواکارییەک ئاراستەی دەسەڵاتی دادوەری کراوە و هاتووە: "داواکارین لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و دادگای بەڕێز، رەچاوی پێگە و تەمەنی ناوبراو بکەن، هەروەها کارئاسانی و رێکارە یاساییەکان لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانی نوری گەرمیانی بگیرێنەبەر تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، و کەیسەکە تەنها لە چوارچێوەی یاسادا چارەسەر بکرێت".

دەستگیرکردنی نوری گەرمیانی دوای ئەوە هات کە شەوی رابردوو لە شاری هەولێر لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستبەسەرکرا؛ بەگوێرەی زانیارییەکان هۆکاری دەستگیرکردنەکەشی لەسەر سکاڵای هاوڵاتییەک بووە کە پێشتر دەمەقاڵێ و کێشە لە نێوانیاندا دروستبووە.


PM:02:45:15/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت