بڕیاری نوێ لە زانکۆکان؛ وەزارەتی خوێندنی باڵا کۆمەڵێک ڕێنمایی توند بۆ مامۆستا و خوێندکاران دەردەکات
وێستگەنیوز-
بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی ڕەفتاری پیشەیی و ئیتیکی کاری زانکۆیی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان چەند بڕیار و ڕێنماییەکی نوێی ئاڕاستەی تەواوی زانکۆ و پەیمانگاکان کرد.
بەپێی نووسراوێک کە لە 13ـەی ئەیلوولی 2026 دەرچووە، چیتر ڕێگە بە هیچ پەیوەندییەکی سۆزداری یان هاوسەرگیری لە نێوان مامۆستا و خوێندکاردا نادرێت لە سەردەمی پرۆسەی خوێندندا.
هاوکات بڕیارەکە ڕێگریی بەپەلە دەکات لە وەرگرتنی دیاری و بەرتیل و هەر جۆرە هەراسانکردنێک یان جیاکارییەک لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە و ڕەگەز.
لە بەرامبەردا، مامۆستایان دەبەستێتەوە بە گەرەنتیکردنی دادپەروەری لە پێدانی نمرەدا و دەبێت نهێنیی پرسیاری تاقیکردنەوەکان و زانیارییە کەسییەکانی خوێندکاران بپارێزن.
سەبارەت بە خوێندکارانیش، ڕێنماییەکان سنوور بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ مامۆستایان دادەنێن؛ بەجۆرێک کە پەیوەندیی تەلەفۆنیی تایبەت و بەخشینی دیاری یان بانگهێشتکردنیان بۆ بۆنەی تایبەت بە تەواوی قەدەغەیە و دەبێت مامەڵەکان تەنیا لە ڕێگەی ئیمەیڵی زانکۆ و سەکۆی (LMS) بن.
لە کۆتاییشدا جەخت لەسەر ئادابی ناوهۆڵی وانەوتنەوە کراوەتەوە، خوێندکاران ملکەچی پۆشینی پۆشاکی گونجاو دەکرێن و بەکارهێنانی مۆبایل و وێنەگرتن یان ڤیدیۆتۆمارکردنی مامۆستایان بەبێ مۆڵەت یاساغ دەکرێت.
هەروەها جەخت کراوەتەوە لە کاتی گفتوگۆدا خوێندکاران تەنیا نازناوی زانستی وەک دکتۆر یان مامۆست بەکاربهێنن و بە ناوی خۆیان بانگی مامۆستایان نەکەن.
PM:04:25:13/09/2026
ئهم بابهته 372
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت