قوباد تاڵەبانی: لە فێربوونی عەرەبیدا شکستم هێناوە و ئەگەر لە سیاسەتدا نەبوومایە چێشتخانەم دادەنا


وێستگەنیوز-

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا تیشکی خستەسەر لایەنە شاراوەکانی ژیانی تایبەتی، حەز و خولیاکانی و رۆتینی رۆژانەی؛ لە فێربوونی لێخوڕینی هەلیکۆپتەر و جیهانی تەکنەلۆژیاوە تا دەگاتە هۆشداریدان بە منداڵەکانی بۆ دوورکەوتنەوە لە سیاسەت.


قوباد تاڵەبانی رایگەیاند کە ئێستا لە هەوڵدایە بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی لێخوڕینی هەلیکۆپتەر و لە قۆناغی کۆتاییدایە و بەنیازی وەرگرتنی مۆڵەتێکی نێودەوڵەتیی فڕۆکەوانییە لە هاوینی داهاتوودا، سەبارەت بە تەکنەلۆژیاش ئاشکرای کرد کە زۆر بە قووڵی چووەتە نێو جیهانی ژیریی دەستکرد (AI) و رۆژانە بەکاری دەهێنێت، هاوکات پلانی هەیە بۆ دروستکردنی پەیمانگەیەکی تایبەت بە فێرکردنی بەکارهێنانی تەندروستانەی ژیریی دەستکرد، لەبارەی دابەشکردنی کاتەکانیشیەوە روونیکردەوە، رۆژانی هەفتەی لە نێوان کاری حزبی و حکومیدا دابەش کردووە، رۆژانی هەینیش پشووی تەواوە و لە رۆژانی ئاساییشدا لە دوای کاتژمێر 10ی شەوەوە کار ناکات و حەزی بە کات بەسەربردنە لەگەڵ خۆیدا.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو لایەنانەی کە تیایاندا سەرکەوتوو نەبووە، جێگری سەرۆک وەزیران وتی: "لە فێربوونی زمانی عەرەبیدا شکستم هێناوە؛ لە ژیانیشدا دەبێت هەڵە بکەیت و شکستبهێنیت، بەڵام گرنگ هەستانەوەیە". ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سەردەمی گەنجیدا کەسێکی بزێو بووە و زۆرجار لێدانی خواردووە، بە جۆرێک چەند جارێک بەهۆی ئەوەی شێوەی لە پاکستانی چووە پەلامار دراوە. لەبارەی ستایلی جلوبەرگیشی وتی کە خۆی هەڵیدەبژێرێت بەڵام (شێری)ی هاوسەری را و سەرنجی لەسەر شێوازی پۆشاکەکانی هەیە، هەروەها هاوسەرەکەی خەریکە فێری زمانی کوردی دەبێت و دۆڵمەی کوردیش لێدەنێت. سەبارەت بە منداڵەکانیشی، قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە: "بە منداڵەکانم وتووە حەز دەکەن ببن بە چی ئازادن، بەڵام نابێت ببن بە سیاسی".

لە درێژەی قسەکانیدا، قوباد تاڵەبانی باسی لەوە کرد ئەگەر لە کایەی سیاسەتدا نەبووایە، کاری چێشتلێنەریی دەکرد و چێشتخانەی دادەنا؛ لە نێوان فاسۆڵیا و بامێشدا، فاسۆڵیای هەڵبژارد لەگەڵ خواردنەوەی ئاوی بامێ وەک شلە نەک خودی بامێکە، لە وەڵامی ئەوەشدا کە کام هونەرمەندی کورد پێویستە هەمووان بیناسن، ناوی خانمە هونەرمەند "بانە"ی هێنا، هەروەها پێشنیازی بینینی فیلمە نوێیەکەی "سپایدەرمان"یشی کرد.

لە تەوەرەی کۆتایی لێدوانەکەیدا، جێگری سەرۆک وەزیران ئامۆژگاری گەنجانی کرد کە خاکی خۆیان خۆشبوێت و وتی: "بە گەنجان دەڵێم ئەم خاک و وڵاتە هی خۆتانە، رقتان لە قوباد و لە سیاسەتوان بێت و لە حکومەت ناڕازی بن ئاساییە، بەڵام خاکەکەی خۆتان خۆشبوێت"، داواشی لێکردن هەمیشە ناخیان پاک بێت، چونکە کەسی خراپ هەرچەندە بەرەوپێش بچێت، رۆژێک دێت دنیا تۆڵەی لێ دەکاتەوە.


PM:02:13:13/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت