بۆ نەهێشتنی رۆتین؛ سەرجەم مامەڵە خزمەتگوزارییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرانە ئەلیکترۆنی


وێستگەنیوز-

وتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی داهاتوودا لینکی فەرمیی تۆمارکردنی داواکاریی هاوڵاتییان بۆ وەرگرتنی پارچە زەوی کارا دەکرێت، هاوکات سەرجەم مامەڵە خزمەتگوزارییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کراونەتە ئەلیکترۆنی بە مەبەستی نەهێشتنی رۆتین.


لە لێدوانێکدا بۆ میدیای رووداو، حەیدەر مەجید، وتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە پڕۆژەی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران و ئەندامێتیی ژمارەیەک وەزیر پێککراوە، هاوکات 5 لیژنەی لاوەکیش لە بەغدا و پارێزگاکان کار لەسەر جیاکردنەوەی زەوییەکان دەکەن، راشیگەیاند کە لە 5 بۆ 6 پارێزگا رێکارەکان کۆتاییان هاتووە و لە سەرەتای مانگی داهاتوودا ماڵپەڕی تایبەت بە پێشکەشکردنی داواکاری کارا دەبێت.

دەربارەی مەرجەکانیش روونیکردەوە، دەبێت پێشکەشکار پێشتر هیچ خانوویەک، یەکەی نیشتەجێبوون یان زەوییەکی تاپۆکراوی بە ناوی خۆیەوە نەبووبێت؛ پڕۆژەکە چینی کەمدەرامەت، کەسوکاری شەهیدان و برینداران، هەروەها بەپێی بڕیاری نوێی سەرۆک وەزیران خەڵکی قەزای شنگالیش دەگرێتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کەرتی تایبەت بەشدار دەبێت لە دروستکردنی ژێرخانەکاندا، بەڵام پشکی وەبەرهێنەر لە 20% زیاتر نابێت و 80%ی زەوییەکان وەک موڵکی دەوڵەت دەمێننەوە.

سەبارەت بە هەماهەنگیی دیجیتاڵی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، وتەبێژی ئەمیندارێتیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ میدیای رووداو دووپاتی کردەوە، پرۆسەی گۆڕانی دیجیتاڵی بە ئامانجی بنبڕکردنی گەندەڵی، رێگریکردن لە بەرتیل و کەمکردنەوەی رۆتین جێبەجێ دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش دامەزراوەکانی فیدراڵ بە فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بەستراونەتەوە، بەتایبەت لە بوارەکانی دادوەری و باج.

رونیشیکردەوە لە ئێستادا لە رێگەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغدا، سەرجەم داواکاری و مامەڵەکان بە ئەلیکترۆنی رەوانە دەکرێن بۆ پشتڕاستکردنەوە، کە ئەمەش رۆتینێکی زۆری نەهێشتووە و بارگرانیی هاتووچۆی نێوان شارەکانی هەرێم و بەغدای لەسەر شانی هاوڵاتییان کەمکردووەتەوە.


PM:12:25:13/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت