دادگای سلێمانی وادەی دادبینی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزاری دیاریکرد


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە، دادگای سلێمانی رۆژی (17ی ئەیلوولی 2026)ی وەک وادەی دانیشتنی داهاتووی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە هاوڕێکانی لە دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار دیاریکرد.


بەپێی زانیارییەکان، تا ئێستا لاهور شێخ جەنگی لەبەردەم دادگا ئیفادەی لێ وەرنەگیراوە؛ لە دانیشتنەکانی هەفتەی رابردوودا وتەی 8 لە دەستگیرکراوەکان وەرگیراوە و لە ئێستادا تەنیا 4 کەس ماون وتەکانیان تۆمار بکرێت، کە بریتین لە (لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی، رێبوار حامید حاجی غالی و دەستگیرکراوێکی دیکە).

هەر لە دانیشتنەکانی هەفتەی پێشوودا، لە کۆی ئەو 8 کەسەی وتەیان لێ وەرگیرابوو، 4 دەستگیرکراویان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لاهور شێخ جەنگی هەوڵی کودەتای داوە، بەڵام لە بەرامبەردا 4 دەستگیرکراوەکەی دیکە ئەو وتانەیان رەتکردووەتەوە و جەختیان کردووەتەوە کە لەژێر ئەشکەنجەدا قسەیان پێکراوە و بە هیچ جۆرێک بەشدارییان لە هەوڵی کودەتادا نەکردووە و رووداوی لەو شێوەیە بوونی نەبووە.

پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیەدا دادگا وتەی ئەو 4 تۆمەتبارەی کە ماون (لاهور، پۆڵادی برای، رێبوار حامید حاجی غالی لەگەڵ یەکێکی دیکە لە دەستگیرکراوان) وەربگرێت، لە کاتێکدا هێشتا روون نییە کە لە بەردەم دادوەردا دان بە هەوڵی کودەتادا دەنێن یاخود تۆمەتەکان رەتدەکەنەوە.


AM:09:58:13/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت