ئاسایشی هەرێم: 22 چەکدار و ئەمیرێکی داعش دەستگیرکران


وێستگەنیوز-

دەزگای ئاسایشی هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، لە ماوەی 96 کاتژمێری رابردوودا، بە فەرمانی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵێنەوەی ئاسایش، بە ماددەی 2ی تیرۆر لە چەند ئۆپراسیۆنێکدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، توانیان 2 مەفرەزەی چەکداری داعش دەستگیربکەن.


ئاماژە بەوەشکراوە، لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی نهێنی داعش کە کۆی گشتییان دەکاتە 22 کەس، دەستگیراوە بەسەر بڕێکی زۆری چەکی قورس و مامناوەند و بچوک، بۆمبی دەستی، دووربینی سەربازی و تەقەمەنی کە بەنیازبوون لە ناوەڕاستی مانگی 9 دا چەند کردەیەکی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.

لە بەشێکی تری روونکردنەوەکەدا هاتووە، کاتژمێر 23:20 خولەکی شەوی 2026/9/12 لە کاتی دەستگیرکردنی ئەمیری شەرعی گروپەکە لە خورماڵ، تەقە روویداوە، بەڵام توانرا ئەمیری شەرعی گروپەکە دەستگیربکرێت و ئۆپراسیۆنەکە بەبێ زیانی گیانی کۆتایی هاتووە.
ئاسایشی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا سەرجەمیان دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەدا بەردەوامە، لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆی گشتی دانپێدانان و سەرجەم بەڵگەکان بۆ رایگشتی ئاشکرادەکەن و ئەوەشیان روونکردووەتەوە کە سەرجەم ئەندامانی گروپە دەستگیرکراوەکە لە رەگەزی کوردن.


AM:09:55:13/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت