دادگای سلێمانی وادەی دانیشتنی داهاتووی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی لالەزار دیاری دەکات


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی ئەیلوولی 2026، تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بە مەبەستی دیاریکردنی کاتی دانیشتنی نوێی دادبینی لەسەر دۆسیەی ناوبراو و دەستگیرکراوانی لالەزار، سەردانی دادگای تاوانەکانی 2ی سلێمانی دەکەن.


دانا تەقیەدین، وتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوە کردووە، سەردانەکەی ئەمڕۆیان بۆ دادگا بە ئامانجی دیاریکردنی وادەی دانیشتنی داهاتووە تا ئەو کاتەی وتەی ئەو تۆمەتبارانە وەردەگیرێت کە تا ئێستا لەبەردەم دادوەر وتەیان لێ وەرنەگیراوە، هاوکات پێشبینیش دەکرێت رێڕەوی دادگاییەکە کاتی زیاتر بخایەنێت.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو پێنجەمین دانیشتنی دادبینی لەسەر ئەم کەیسە بەڕێوەچوو، کە تیایدا 12 کەس بەپێی ماددەی 56 دادگایی دەکرێن؛ لە دانیشتنی چوارەمدا وتەی 9 تۆمەتبار و لە دانیشتنی پێنجەمیشدا وتەی تۆمەتبارێکی دیکە وەرگیراوە و بەوەش کۆی گشتیی ئەو کەسانەی وتەیان لێ وەرگیراوە گەیشتووەتە 10 کەس.

وتەبێژی تیمی پارێزەران ئەوەشی خستەڕوو، لە دانیشتنی پێشوودا دادوەر دووبارە وتەی لە ژمارەیەک دەستگیرکراو وەرگرتووەتەوە بەهۆی ئەوەی وتەکانیان لەگەڵ دانیشتنی چوارەمدا جیاوازی هەبووە. ئەو دەستگیرکراوانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئیفادەی پێشوویان لە ئاسایش لەژێر ئەشکەنجەدا لێ وەرگیراوە و هەر بۆیە لە دادگادا وتەکانیان گۆڕیوە، لە بەرامبەریشدا بنەماڵەی لاهور شێخ جەنگی رەخنەیان لەو رێکارانە گرتووە و گۆڕانکارییەکانیان بە سیناریۆ وەسف کردووە.

لە ئێستادا لە کۆی دەستگیرکراوان تەنیا سێ تۆمەتبار ماون کە وتەیان لێ وەربگیرێت، ئەوانیش بریتین لە (لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی و رێبوار حامید حاجی غالی)؛ پێشبینی دەکرێت لە ئەگەری دیاریکردنی وادەی دادبینی نوێ لەلایەن دادگاوە، دەست بە وەرگرتنی وتەی ئەم سێ کەسە بکرێت و رەنگە ئەو پرۆسەیەش چەندین دانیشتن و چەند رۆژێکی دیکە لە سلێمانی بخایەنێت.


AM:09:48:13/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت