لە سنووری کەرکوک هێرشکرایە سەر خاڵێکی سەربازیی سوپای عێراق


وێستگەنیوز -

لە سنووری قەزای حەویجە لە پارێزگای کەرکوک، لە ڕێگەی چەکی قەناسەوە هێرشکرایە سەر خاڵێکی سەربازیی هێزەکانی عێراق و هاوکات ئامادەباشیی ئەمنی لە ناوچەکە زیاتر کراوە.

بە پێی زانیارییەکانی وێستگەنیوز کاتژمێر 8ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە نزیک گوندی بەتمە لە کەرتی ئەلبوحەمدانی سنووری قەزای حەویجە، بە چەکی قەناس دەستڕێژی تەقە لە خاڵێکی سەربازیی فەوجی یەکەمی لیوای مەغاوێری سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک کراوە.

هەر بە پێی زانیارییەکان هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و تەنها زیانی ماددی بە کامێرای گەرمیی خاڵە سەربازییەکە گەیاندووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە جموجۆڵ و ئاڵۆزییە ئەمنییەکان لەسەر سنووری عێراق و سووریا زیادیان کردووە، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی هەندێک دەنگۆ و گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە بەزاندنی سنوور لەلایەن چەکدارانەوە

لای خۆشیانەوە، سەرچاوە فەرمییەکان و هێزە ئەمنییەکانی عێراق ڕێوشوێنی توندی ئەمنییان بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکان گرتووەتەبەر.


PM:09:41:12/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت