ئاڵۆزی لە زیندانێکی کۆبانێ؛ بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە 9 کەس گیانیان لەدەستدا و 17ی دیکە بریندار بوون


وێستگەنیوز-

شاری کۆبانێ شەوێکی پڕ لە گرژی و ئاڵۆزی بەڕێکرد، بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر بڕیاری گواستنەوەی دەستگیرکراوان بۆ زیندانی حەلەب، لەناو بینای ئاسایشی ناوخۆی شارەکە ئاگرکەوتنەوە روویدا و بەهۆیەوە 9 کەس گیانیان لەدەستدا و 17 کەسی دیکەش بریندار بوون.


بەپێی زانیارییەکان، شەوی رابردوو ژمارەیەک لە گەنجانی شاری کۆبانێ لە دژی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەک بە ناوی (سیپان حوزنی) خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان ئەنجامدا، لە ئەنجامدا گرژی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو و هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسایشی ناوخۆی کۆبانێ.

لە میانی ئەو گرژییانەدا، هێزەکانی ئاسایش 27 گەنجیان دەستگیر کرد، هەرچەندە دواتر 10 کەسیان ئازاد کران، بەڵام 17 کەسیان لەناو گرتووخانەی ئاسایشی شارەکەدا هێڵرانەوە. کێشەکە ئەو کاتە قووڵتر بووەوە کە هێزەکانی ئاسایش بڕیاریاندا ئەو دەستگیرکراوانە بگوازنەوە بۆ زیندانی شاری حەلەب.

بڕیاری گواستنەوەکە کاردانەوەی توندی دەستگیرکراوانی لێکەوتەوە و لەناو زیندانەکەدا وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی ئاگریان کردەوە و بەشێکیشیان ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا، ئەمەش بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لەناو شوێنی راگرتنیاندا.

پزیشکێکی نەخۆشخانەی کۆبانێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وردەکاریی زیانە گیانییەکانی خستەڕوو و رایگەیاند، بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەوە 26 کەس بە برینداری گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، سەرەڕای هەوڵە پزیشکییەکان بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە 9 لە زیندانییەکان گیانیان لەدەستداوە و لە ئێستاشدا 17 برینداری دیکە لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدان.


AM:09:58:12/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت