سەرۆک وەزیرانی عێراق: هێزەکانی شنگال چەکەکانیان ڕادەست دەکەن و تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکان دەکرێن


وێستگەنیوز –

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی شنگال چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت دەکەن و چیای شنگالیش بەتەواوی دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵییەوە، هاوکات بڕیاری دا لیژنەیەکی باڵا بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئەمنی و ئیدارییەکانی قەزاکە پێکبهێنرێت.


ئەمڕۆ هەینی 11ـەی ئەیلولی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران عێراق، لەمیانی پێشوازیکردنی لە شاندێکی سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی دۆزی ئێزدی و نوێنەرانی یەکینەکانی بەرگریی شنگال، ڕایگەیاند، کۆنترۆڵکردنی چەک و یەکخستنی بڕیاری ئەمنی لەلایەن دەوڵەتەوە، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ پاراستنی خەڵکی شنگال و سەقامگیریی ناوچەکە.

عەلی زەیدی ئاماژەی بەوەش کرد، ڕادەستکردنی چەک لە چوارچێوەی بونیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەییدایە و حکومەت مافی شەڕڤانانی یەکینەکانی بەرگریی شنگال و یەکینەکانی ژنان زامن دەکات، ئەوەش لەڕێگەی تێکەڵکردنی کەسانی شایستە بە ناو دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق بەپێی ڕێکارە یاساییەکان.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕەوشی خزمەتگوزاری، ئاوەدانکردنەوە، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و ئامادەکردنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان کرا. لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکوەزیران بڕیاری دا ئێزدییەکان لە پڕۆژەی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوون سوودمەند ببن و لیژنەیەکی باڵاش بۆ بەدواداچوونی وردی ڕەوشی ئەمنی و خزمەتگوزاریی شنگال پێکبهێنرێت.

عەلی فالح زەیدی دووپاتی کردەوە، حکومەت ڕێگە نادات شنگال ببێتە گۆڕەپانی ململانێکان و بوونی هیچ هێزێکی سەربازی یان ئەمنی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت قبوڵ ناکات.

لای خۆشیانەوە، شاندی میوان پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی حکومەت لەبارەی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و ڕادەستکردنی چەک دەربڕی.


PM:09:11:11/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو