هەفتەی داهاتوو زانکۆلاین کارا دەکرێت


وێستگەنیوز-

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سەرجەم داتا و زانیارییەکانی دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە بەشەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی رادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکات، بەمەش رێگە خۆش دەبێت بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو سیستەمی زانکۆلاین بۆ پێشکەشکردنی فۆڕمی وەرگرتن کارا بکرێت.


ئەم هەنگاوەی وەزارەتی پەروەردە بۆ رادەستکردنی داتاکان دوای ئەوە دێت کە ئەنجامی تانەدانی قوتابییانی پۆلی 12 بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە سنووری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان رەوانە کراوە.

پەیوەست بە دەستپێکردنی پڕۆسەکە، وەزارەتی خوێندنی باڵا پێشتر رایگەیاندبوو کە ئامادەکارییە پێویستەکان تەواو کراون و لە ماوەی 2 بۆ 3 رۆژ دوای گەیشتنی داتاکان، سیستەمی زانکۆلاین بە رووی قوتابیاندا دەکرێتەوە، هاوکات دڵنیاییشی دابوو کە بەگوێرەی توانای زانکۆ و پەیمانگەکان زۆرترین دەرفەتی وەرگرتن بۆ دەرچووان دەڕەخسێنرێت.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئەمساڵ لە سەرجەم بەشەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی، 117 هەزار و 142 قوتابی بەشدارییان لە ئەزموونە گشتییەکاندا کردبوو، لەو ژمارەیەش 40 هەزار و 46 قوتابی سەرکەوتووانە تاقیکردنەوەکانیان تێپەڕاندووە و گەیشتوونەتە قۆناغی زانکۆ و پەیمانگەکان.


PM:12:16:10/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت