رێبەر ئەحمەد: هاوپەیمانان دەستیان بە کشانەوە کردووە و داواکارییەکانی هەرێمیش لەسەر داهات یاسایین
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر چەندین دۆسیەی گرنگی پەیوەست بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، پرسی نەوت و داهاتەکان، هەروەها دۆخی شەنگال و گەڕاندنەوەی کۆچبەران.
لەبارەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم، وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، داواکەی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی داهاتی فیدراڵی داوایەکی تەواو یاسایی و رەوایە، سەبارەت بە دۆسیەی گومرک و داهاتەکانیش ئاماژەی بەوە کرد کە تا ئێستا رێککەوتنی تەواو و کۆتایی لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" نەکراوە.
پەیوەست بە کەرتی نەوت و وزە، رێبەر ئەحمەد ئاشکرای کرد کە بەشێک لە کۆمپانیا نەوتییەکان دەستیان بە کارەکانیان کردووەتەوە، بەڵام هاوکات ئەو کۆمپانیایانە داوای گەرەنتی و پاراستنی ئەمنی لە حکومەتی عێراق دەکەن بۆ بەردەوامیدان بە کارەکانیان.
لە تەوەرێکی دیکەی وتەکانیدا لەسەر پرسی سەربازی و ئەمنی، وەزیری ناوخۆ ئاشکرای کرد کە هێزەکانی هاوپەیمانان دەستیان بە رێکارەکانی کشانەوە لە هەرێمی کوردستان کردووە، لەو چوارچێوەیەشدا هۆشداریدا لەوەی کە نابێت لە دوای کشانەوەی هاوپەیمانان هیچ جۆرە بۆشاییەکی ئەمنی لە عێراق دروست ببێت، بۆ ئەو مەبەستەش جەختی کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی و پێکەوە ئیدارەی ئەمنیی ناوچەکە بدەن.
لەسەر دۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، وەزیری ناوخۆ هەنگاوی دانانی قایمقامێکی نوێی بۆ قەزاکە بە سەرەتایەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان وەسف کرد.
لەکۆتاییشدا ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم کرد بۆ بەدەمەوەچوونی هاوڵاتییان لە دەرەوەی وڵات و رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدا زیاتر لە 390 کۆچبەریان لە وڵاتی لیبیاوە گەڕاندووەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
AM:11:47:10/09/2026
ئهم بابهته 132
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت