هەرێم داوای 76 هەزار پلەی وەزیفی بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست دەکات


وێستگە نیوز-

لە كۆبوونەوەی نێوان شاندی دارایی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق، گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 كراوە و هەرێم بەفەرمی داوای 76 هەزار پلەی وەزیفی كردووە، كە بەشێكی سەرەکیی تایبەتە بە هەمیشەییكردنی مامۆستایانی گرێبەست.


عەلی ڕەئوف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی جێگیرکردنی شایستە داراییەکان و ڕێکخستنی میلاکات، لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق كۆبوونەتەوە و گفتوگۆی چڕیان لەسەر ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2027 کردووە.

نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست ڕوونیکردەوە، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخانکردنی پلەی دامەزراندن بووە، تیایدا حکومەتی هەرێم بە فەرمی داواکاریی بۆ دابینکردنی 76 هەزار پلەی وەزیفی پێشکەش بە بەغدا کردووە، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان بکرێنە هەمیشەیی.

لە بەرامبەردا وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە خستنەڕووی ئەو داواکارییانە مافی ڕەوای هەرێمی كوردستانن، بەڵام جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پێویستە حکومەتی هەرێم هەماهەنگ و هاوکار بێت لە خستنەڕووی زانیارییە ڕاست و دروستەکان سەبارەت بەو داهاتانەی کە کۆدەکرێنەوە.

لە كۆتایی زانیارییەكانیدا، عەلی ڕەئوف باسی لەوەش كردووە، بڕیار وایە لە 15ـەی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بكرێت و پەسەند بكرێت.


PM:04:18:09/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت