بۆ چەکدانانی پەکەکە کۆبوونەوەیەکی هەواڵگریی سێ قۆڵی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت
وێستگەنیوز –
پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و بڕیارە لەم مانگەدا هەزاران گەریلا چەکەکانیان ڕادەستی لایەنە ئەمنییەکان بکەن و چەندین ناوچەی ستراتیژیی هەرێم چۆڵ بکەن.
ماڵپەڕی العالم الجديدی عێراقی زانیاریی نوێی لەبارەی هەنگاوەکانی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد لە ئێستادا شاندێکی باڵای دەزگای هەواڵگری تورکیا و دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە شاری هەولێرن، ئەوەش بە مەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی پڕۆسەی چەکدانانی ئەو حزبە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو ماڵپەڕە، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکاندا بڕیار دراوە هەر لەم مانگەدا پەکەکە 18 بنکە و پێگەی سەربازیی خۆی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان چۆڵ بکات و نزیکەی 4 هەزار و 200 گەریلاش چەکەکانیان ڕادەست بکەن.
بڕیارە پڕۆسەکە ناوچەکانی ئامێدی، کانی ماسی، زاخۆ، ئاڤاشین، سەیدسادق، ڕانیە، دوکان، کۆیە، سیدەکان و چیای کۆڕەک دەگرێتەوە، بەڵام لەم قۆناغەدا بارەگاکانی چیای قەندیل وەک خۆیان دەمێننەوە و چۆڵ ناکرێن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئاماژە بەوە کراوە، دوای تەواوبوونی پڕۆسەی چۆڵکردنی بارەگاکان، شاندی هەواڵگری تورکیا سەردانی مەیدانی بۆ ئەو ناوچانە دەکەن بۆ ئەوەی لە چۆڵکردنی تەواوەتییان دڵنیاببنەوە.
ئەم هەنگاوانە بە هاوبەشی لە نێوان دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا و عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، هاوکات چەند شوێنێکی تایبەتیش لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەستنیشانکراون بۆ ئەوەی چەکەکانی تێدا ڕادەست بکرێت.
PM:06:49:08/09/2026
ئهم بابهته 400
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت