لە خورماتوو مێردمنداڵێک بەهۆی دۆڕاندنی 7 دەفتەر دۆلار لە تیکتۆک لەلایەن باوک و خاڵییەوە کوژرا
وێستگەنیوز -
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، رووداوێکی دڵتەزێن لە قەزای خورماتوو روویدا و مێردمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ بە ناوی (ئەمین جەلیل)، لەلایەن باوک و خاڵییەوە ئەشکەنجە درا و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا.
بەپێی زانیارییەکان، ئەمین جەلیل کە لەدایکبووی ساڵی 2010یە و دانیشتووی گەڕەکی کۆماریی قەزای خورماتووە، بڕی 7 دەفتەر دۆلاری (70 هەزار دۆلار) پارەی ماڵەوەی لە یارییەکی تیکتۆکدا دۆڕاندووە، دوای ئاشکرابوونی بابەتەکە، لەلایەن باوک و خاڵییەوە بە سەختی ئەشکەنجە دراوە.
لەم بارەیەوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو رایگەیاند، تەرمی مێردمنداڵەکە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و ئاسەواری ئەشکەنجە و لێدانی توند بە جەستەیەوە دیار بووە، بەڵام ناوبراو پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دابوو.
هاوکات پۆلیسی خورماتوو دەستبەجێ لێکۆڵینەوەکانی دەست پێ کرد و توانی هەردوو تۆمەتبار (باوک و خاڵی مێردمنداڵەکە) دەستگیر بکات.
تۆمەتباران لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانیان بەوەدا ناوە کە بەهۆی دۆڕاندنی ئەو بڕە پارە زۆرە لە تیکتۆک، کوڕەکەیان ئەشکەنجە داوە و لە ئەنجامی لێدانەکانی ئەواندا گیانی لەدەست داوە.
لە ئێستادا رێکارە یاساییەکان بەرامبەر تۆمەتباران دەست پێ کراوە و تەرمی مێردمنداڵەکەش بۆ رێکارە پزیشکییەکان رەوانە کراوە.
AM:10:18:08/09/2026
ئهم بابهته 280
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت