هەوڵەکان بۆ زیادکردنی هەلی کار بۆ سزادراوانی چاکسازیی سلێمانی چڕدەکرێنەوە


وێستگەنیوز -

چاکسازی گەورانی سلێمانی ڕایگەیاند، هەوڵەکانیان بە ئاراستەی ڕەخساندنی دەرفەتی کار و پەرەپێدانی تواناکانی سزادراوان چڕکردووەتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ شاندێکی باڵای وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کۆبوونەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی چاکسازیی گەورانی سلێمانی هاتووە، بەڕێوەبەری چاکسازی لەگەڵ لیژنەیەکی باڵای وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کۆبووەتەوە، کۆبوونەوەکە بە ئامانجی تاوتوێکردنی ڕەوشی وەرشەکان و چۆنیەتی باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییە پیشەییەکان بووە بۆ سزادراوان.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا و لە بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانیی هاوبەشدا، تیشک خراوەتە سەر چەند تەوەرێکی سەرەکی کە گرنگترینیان ئەمانە بوون:

دەستنیشانکردنی کەمکوڕی و پێداویستییە سەرەکییەکانی وەرشەکانی چاکسازی بە مەبەستی دابینکردنیان و پەرەپێدانیان.

کارکردنی جددی بۆ زیادکردنی دەرفەتی کار بۆ سزادراوان لەناو هۆبەی مەشقی پیشەیی، بە ئامانجی فێربوونی پیشە و ئامادەکردنیان بۆ قۆناغی دوای ئازادبوونیان.

دروستکردنی پردی پەیوەندی و هەماهەنگی بەردەوام لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لەگەڵ هۆبەی مەشقی پیشەیی چاکسازی.

شاندی میوان بە شێوەیەکی مەیدانی وەرشەکانیان بەسەرکردەوە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاشنای ئاست و جۆری ئەو چالاکییە پیشەییانە ببن کە لە ئێستادا لە ناو چاکسازییەکەدا ئەنجام دەدرێن.

ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی پلانەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیدایە بۆ کاراکردنی زیاتری هۆبەکانی مەشقی پیشەیی لەناو چاکسازییەکاندا، تاوەکو سزادراوان لە ماوەی مانەوەیاندا ببنە خاوەن پیشە و ئامادە بکرێنەوە بۆ تێکەڵبوونەوەی تەندروست لەگەڵ کۆمەڵگەدا.



PM:09:08:07/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت