شاسوار عەبدولواحید: ئەو هێزانەی فەرمان لە حیزب وەردەگرن میلیشیان و دەبێت چەک بکرێن
وێستگەنیوز –
شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، هەر هێزێک فەرمان لە تاکە کەس و حیزب وەربگرێت میلیشیایە و پێویستە چەک بکرێن.
ئەمڕۆ هەینی 4ـی ئەیلولی 2026 شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، ناوی پێشمەرگە و هێزەکانی پێشمەرگە، ناو و هێزێکی دەستووری و یاسایین و هیچ ناکۆکییەک لەسەر ئەمە نییە، بەڵام کێشەکە لە بوونی هێزی تردایە.
شاسوار عەبدولواحید دەڵێت: لە هەرێمی کوردستاندا، هێزی میلیشیایی، هێزی حزبیی و هێزی شەخسیشمان هەیە، هەر هێزێکی سەربازیی کە نیشتیمانی نەبێت و فەرمان لە تاکە کەس یان حیز وەربگرێت، واتا فەرمان لە دامەزراوە فەرمی و دەستوورییەکان وەرنەگرێت، ئەوا ئەو هێزە میلیشیایە.
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو هێزانە، سەرۆکی نەوەی نوێ جەخت دەکاتەوە لەوەی دەبێت ئەو هێزانە یان چەک بکرێن، یاخود بە تەواوی لە ناو دامەزراوە نیشتیمانیی و دەستوورییەکانی هەرێمدا یەکبخرێن و تێکەڵ بکرێن.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، شاسوار عەبدولواحید تیشک دەخاتە سەر هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و دەڵێت: لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، ملیاران دۆلاریان خەرج کرد بۆ هەوڵدان بۆ یەکخستنی تەنها 8 لیوای پێشمەرگە، بەڵام تا ئەمڕۆ ئەم ئامانجە بەدی نەهاتووە و نەیانتوانیوە یەکیانخەن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت: ئەو لیوایانە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی تریش، هێشتا لە کردەوەدا فەرمان لە کەس و حیزبەکان وەردەگرن نەک لە دامەزراوە فەرمیی و دەستوورییەکانی هەرێم.
PM:01:50:04/09/2026
ئهم بابهته 536
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت