لە کەلار بەهۆی پێکدادانی دوو ماتۆڕسکیلەوە گەنجێک گیانی لەدەستدا و سێی دیکەش برینداربوون


وێستگەنیوز -

بەیانی ئەمڕۆ هەینی، لەسەر شەقامی 60 مەتریی شارۆچکەی کەلار، ڕووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان دوو ماتۆڕسکیلدا ڕوویدا و بەهۆیەوە گەنجێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.


بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: بەیانی ئەمڕۆ هەینی دوو ماتۆڕسکیل لەسەر شەقامی 60 مەتریی کەلار (حەولی) بەرامبەر گوندی کەناری سیروان پێکیانداداوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەهۆی بەهێزیی پێکدادانەکەوە لێخوڕی یەکێک لە ماتۆڕسکیلەکان کە لەدایکبووی ساڵی 2007ـە، بە سەختی بریندار بووە و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی هاتووچۆی گەرمیاندا هاتووە: لێخوڕ و دوو سەرنشینی ماتۆڕسکیلەکەی بەرامبەر کە لەدایکبووی ساڵەکانی 2012، 2010 و 2010ـەن، بە سەختی بریندار بوون و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە ژێر چاودێریی پزیشکیدان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.

سەبارەت بە ڕێکارە یاساییەکان، هاتووچۆی گەرمیان ڕوونیکردەوە، پێش گەیشتنی مەفرەزەکانی هاتووچۆ هەردوو ماتۆڕسکیلەکە لە شوێنی ڕووداوەکە لابراون، لە ئێستاشدا هێزەکانیان لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە بۆ زانینی هۆکار و چۆنیەتی ڕوودانی ڕووداوەکە.


PM:12:13:04/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت