ئەمڕۆ دادگایی لاهور شێخ جەنگی و 11 زیندانی دیکەی لالەزار بەڕێوەدەچێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی ئەیلوولی 2026، دادگای 2ی تاوانەکانی سلێمانی 4ەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و 11 گیراوی تری دۆسیەی "لالەزار" بەڕێوەدەبات، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 1 ساڵ بەسەر روداوەکەدا.
دانیشتنەکەی ئەمڕۆ لەژێر رێوشوێنێکی توندی ئەمنیدا لە دەوروبەری دادگا بەڕێوەدەچێت. تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە بەپێی ماددەی 56 لە یاسای سزادان کە تایبەتە بە (هاندان بۆ کوشتن) رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.
تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی ئاماژەیان بەوە کردووە، کە دۆسیەکە لە 800 لاپەڕە پێکهاتووە و ئەوان بە تەواوەتی ئامادەن بۆ بەرگریکردن. پارێزەرەکان جەخت دەکەنەوە کە بەڵگەی پێویستیان بۆ بێتاوانیی گیراوەکان لەبەردەستدایە و داوا دەکەن چیتر دانیشتنەکان دوانەخرێن.
هەروەها باس لەوە دەکرێت کە لەم دانیشتنەدا وتەی تۆمەتباران دووبارە وەردەگیرێتەوە، چونکە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەی ئاسایشدا بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر وتەیان لێ وەرگیراوە، ئەمەش وەک کەمایەسییەکی یاسایی لە دۆسیەکەدا دەبینرێت.
لایەکی ترەوە، تیمی پارێزەران و کەسوکاری گیراوەکان باسیان لەوە کردووە کە پێشتر گوشارە سیاسییەکان ببوونە هۆی دواخستنی دانیشتنەکان، هاوکات ئاماژەیان بەوەش کردووە کە بەپێی یاسا دەبێت سکاڵاکاران (بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی) لە دانیشتنەکەدا ئامادە بن بۆ ئەوەی رێکارەکان بە یاسایی بەڕێوەبچن.
روداوی هۆتێل لالەزار لە شەوی 22ی ئابی 2025 لە شاری سلێمانی رویدا، کاتێک روبەڕوبونەوەیەکی چەکداری لە نێوان هێزەکانی یەکێتی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی دروستبوو، کە دوای چەند کاتژمێرێک بە دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە لایەنگرانی کۆتایی هات و کوژراو و برینداریشی لێکەوتەوە.
AM:09:04:03/09/2026
ئهم بابهته 364
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت