وەزارەتی دارایی هەرێم و عێراق بۆ بودجەی 2027 و پرسی دامەزراندن کۆدەبنەوە


وێستگەنیوز-

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی و جێگیرکردنی شایستە داراییەکان، شەوی رابردوو تیمێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتنە شاری بەغدا.


بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، شاندەکەی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ کۆببنەوە، بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە نوسینەوەی رەشنوسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان بریتین لە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان کە داوا دەکرێت بەپێی دەرەنجامەکانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان بە رێژەی 14% جێگیر بکرێت.

هاوکات، پرسی دامەزراندنی پلەبەندیی 3 یەکەمەکانی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکان، لەگەڵ چارەنووسی فەرمانبەرانی گرێبەست، بەشێکی تری کارنامەی کۆبوونەوەی نێوان هەردوو وەزارەت دەبێت.

پەیوەست بە هەمان بابەت، حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە کارەکانی ئامادەکردنی بودجەی 2027 بەردەوامە و وەزارەتی دارایی فیدراڵ ماوەی 1 مانگە سەرقاڵی رێکخستنی وردەکارییەکانە، بڕیار وایە تا کۆتایی مانگی 9ی ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیران رەشنوسەکە پەسەند بکات و رەوانەی پەرلەمانی بکات.

لە لایەکی دیکەوە، رێکاری نوێ گیراوەتەبەر بۆ ئەو کەسانەی بەشێوەی گرێبەستی رۆژانە کار دەکەن، بە جۆرێک داوا لە سەرجەم فەرمانگەکان کراوە ناوی ئەو کارمەندانە بنێرن تاوەکو دوای هەڵسەنگاندن، بکرێن بە گرێبەستی مانگانە و لە ناو یاسای بودجەی ساڵی 2027دا جێگیر بکرێن.




AM:08:31:03/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت