وەزارەتی ناوخۆ: 33 گەنجی دیکە لە لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان
وێستگەنیوز –
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەت، تەواوی ڕێکارەکان بۆ گەڕاندنەوەی ٣٣ گەنجی دیکە کە لە وڵاتی لیبیا دەستبەسەر بوون کۆتایی هاتووە و هەفتەی ئایندە دەگەنەوە باوەشی نیشتمان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2ـی ئەیلولی 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: دوای ئەوەی هەواڵی بێسەروشوێنبوونی کۆمەڵێك هاوڵاتی کوردستان لە وڵاتی لیبیا بەدەست گەیشت، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕاسپێردران بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردنیان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئێستادا تەواوی مامەڵە یاساییەکانی ئەو 33 گەنجە تەواو بووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بگەیەنرێنەوە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو گەنجانە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی زۆر سەخت بوونەتەوە، بەجۆرێک هەندێکیان بۆ ماوەی 8 مانگ لە بەندینخانەکاندا بوون و بەردەوام مەترسی مردنیان لەسەر بووە.
حکومەتی هەرێم جارێکی دیکە هۆشداری دەداتە گەنجان و خێزانەکانیان کە خۆیان لە کۆچی نایاسایی بپارێزن و دەڵێت: ئەم جۆرە کۆچە نەک هەر مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی پێشێلکاری یاسایی و لێپرسینەوەی توندی وڵاتانی بەدوادا دێت.
بەپێی ئامارەکانی حکومەت، تاوەکو ئێستا توانراوە 302 کۆچبەری نایاسایی لە بارودۆخە جیاوازەکان و مەترسیدارەکاندا ڕزگار بکرێن و بگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
PM:04:20:02/09/2026
ئهم بابهته 264
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت