ئاسیاپەی خزمەتگوزاریی ماستەرکاردی راگەیاند و بەشداربووانی بە خاڵەکانی پارەدانی جیهانییەوە دەبەستێتەوە
وێستگەنیوز-
کۆمپانیای ئاسیاپەی، وەک پێشەنگی خزمەتگوزارییە داراییە دیجیتاڵییەکان لە عێراق، پرۆگرامی کارتەکانی ماستەرکاردی راگەیاند، کە ئامانجی ئاسانکارییە بۆ بەشداربووان تا بتوانن لە ناوخۆ و تەواوی جیهاندا بە شێوەیەکی پارێزراو مامەڵە داراییەکانیان ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆ، لە شاری سلێمانی، کۆمپانیای ئاسیاپەی ئاشکرایکرد کە سێ جۆر کارتی ماستەرکارد (ئۆنلاین، پلاتینیۆم، وۆرڵد) پێشکەش بە بەشداربووانی جزدانی ئەلیکترۆنی ئاسیاپەی دەکات، ئەم کارتە نوێیانە کە بە رەزامەندی بانکی ناوەندیی عێراق دروستکراون، راستەوخۆ بەستراونەتەوە بە جزدانی ئاسیاپەی و بەکارهێنەران دەتوانن لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی ئاسیاپەیەوە بە تەواوی کۆنترۆڵی کارتەکانیان بکەن و مامەڵەکانیانی پێ ئەنجام بدەن.
هەر یەک لەو جۆرە کارتە نوێیانە، تایبەتمەندی جیاواز بۆ بەکارهێنەران دابین دەکەن بەپێی شێوازی ژیان و پێداویستییەکانیان بۆ پارەدان، یەکێک لە خاڵە گرنگەکان ئەوەیە کە ئاسیاپەی وەک هاوکارییەک بۆ بەشداربووانی، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کارتی فیزیکی پلاتینیۆم بە بێبەرامبەر پێشکەش دەکات، لە کاتێکدا تێچووی دروستکردنی ئەو کارتە 35,000 دینارە.
کارتەکانی ئاسیاپەی ماستەرکارد رێگە بە بەشداربووان دەدەن بۆ کڕینی کاڵا لە فرۆشگاکان، بازاڕکردنی ئۆنلاین، و راکێشانی پارە لە هەر ئامێرێکی ATM لە جیهاندا کە پاڵپشتی ماستەرکارد بکات، هەروەها کارتەکان توانای ئەنجامدانی مامەڵەیان بە چەندین دراوی جیاواز هەیە، ئەمەش ئاسانکارییەکی گەورە بۆ گەشتیاران و کڕیارانی نێودەوڵەتی دەکات.
زرنگ فاروق، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاسیاپەی لەبارەی ئەم هەنگاوەوە رایگەیاند: "ئامانجمان دابینکردنی شێوازێکی ئاسانتر و ئارامترە بۆ بەکارهێنەران لە تەواوی عێراق تا بتوانن پارەدانی رۆژانەیان بە جیهانەوە ببەستنەوە بە کەمترین باج، بەمەش بەکارهێنەران دەتوانن لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارەکانیان بەڕێوەببەن و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەکاریبهێنن."
جێی ئاماژەیە، ئاسیاپەی تەواوی پرۆسەی چاپکردن و ناسنامەی کارتەکان لە ناوەندی تایبەتی خۆی ئەنجام دەدات، ئەمەش وایکردووە کۆنترۆڵێکی تەواوی بەسەر ئاسایش، کوالێتی و خێرایی دروستکردنی کارتەکاندا هەبێت، ئەم پرۆگرامە نوێیە وەک بەشێک لە ستراتیژی کۆمپانیاکە دێت بۆ فراوانکردنی ئابووری دیجیتاڵی لە عێراق و گەیاندنی بە ژێرخانی پارەدانی جیهانی.
کۆمپانیای ئاسیاپەی کە لە ساڵی 2015 دامەزراوە، یەکەمین کۆمپانیا بووە مۆڵەتی بانکی ناوەندیی عێراقی وەرگرتووە بۆ خزمەتگوزارییەکانی پارەدانی دیجیتاڵی و چەندین خزمەتگوزاری وەک ناردنی پارە لەرێگەی مۆنی گرام، پارەدانی پسووڵە و دابەشکردنی مووچە پێشکەش دەکات.
PM:03:31:02/09/2026
ئهم بابهته 220
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت