بۆ بودجەی داهاتوو؛ سێ داواکاری بۆ فەرمانبەران و مامۆستایان و دەرچووان ئاراستەی لیژنەی دارایی دەکرێن
وێستگەنیوز-
د. بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، کە بە واژۆی بەشێک لە پەرلەمانتاران و بە پشتگیری سەرۆکی پەرلەمان، سێ دۆسیەی گرنگیان ئاراستەی لیژنەی دارایی کردووە، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی و دارایی لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی داهاتووی عێراقدا.
بەپێی راگەیەندراوەکەی ئەو پەرلەمانتارە، داواکارییەکان ئەم سێ خاڵە سەرەکییە لەخۆ دەگرن:
یەکەم: پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم
داواکراوە ماف و شایستە دارایی و کارگێڕییەکانی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە چەند ساڵێکە بەهۆی کێشە داراییەکانەوە راگیراوە، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێت و هیچ جیاوازییەک لەنێوان فەرمانبەرانی هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراقدا نەمێنێت.
دووەم: دەرچووانی پزیشکی ددان و دەرمانسازی
دابینکردنی دەرفەتی دامەزراندن و تەرخانکردنی پلەی وەزیری بۆ ئەو دەرچووانەی کە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە دانەمەزراون، ئەمەش لەبەر پێویستیی بەردەوامی دامەزراوە تەندروستییەکان بە پسپۆڕییەکانیان.
سێیەم: مامۆستایانی وانەبێژی لادراو
پشتیوانیکردن لە داواکاری نزیکەی 700 مامۆستای وانەبێژ کە بۆ ماوەی 10 بۆ 12 ساڵ خزمەتیان هەبووە، بەڵام لە پرۆسەی گۆڕینیان بۆ گرێبەست بێبەشکراون. داواکراوە خزمەتەکانیان لەبەرچاو بگیرێت و بگەرێندرێنەوە سەر کارەکانیان.
د. بڕیار رەشید ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی کاری پەرلەمانیدایە و بەدواداچوونی وردی بۆ دەکەن، هیوایشی خواست تەواوی فراکسیۆنە کوردستانییەکان هاوکار و پشتیوان بن تا ئەم داواکارییانە بە سەد لە سەدی جێبەجێ بکرێن و مافەکان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێنەوە.
PM:02:19:31/08/2026
ئهم بابهته 540
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت