وتەبێژی پارتی: بەمزووانە مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە


وێستگەنیوز-

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان نوێترین زانیاری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان حزبەکەی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا هەردوو مەکتەبی سیاسی کۆدەبنەوە.


وتەبێژی پارتی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هاتووچۆ و پەیوەندییەکانی نێوانیان بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت لە هەفتەی داهاتوودا کۆبوونەوەی دیکە لە نێوان هەردوولا ئەنجام بدرێت، وتیشی: "دوای کۆبوونەوەی شاندی هەردوو حزب، کۆبوونەوەی لووتکە لە نێوان سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی بەڕێوەدەچێت".

سەبارەت بە ئامانجی ئەو گفتوگۆیانە، مەحمود محەمەد باسی لەوە کرد کە هەوڵەکان بۆ ئەوەیە چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێمی کوردستان کۆتایی پێ بهێنرێت و هەنگاو بنرێت بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت، چونکە وەک خۆی دەڵێت: "نامانەوێت دۆخەکە تا هەڵبژاردنی داهاتوو بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە.

وتەبێژی پارتی هیواشی خواست کە لایەنەکان بگەنە رێککەوتن و پێویستی بەوە نەبێت بەرەو ئاراستەیەکی دیکە بچن، جەختیشی کردەوە کە ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانە کار بکەن بۆ شکاندنی ئەو دۆخە چەقبەستووەی کە رووی لە پرۆسەی سیاسی هەرێم کردووە.


PM:12:07:29/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت