مالیکی: هەر شەڕێک لەنێوان حکومەت و گرووپە چەکدارەکان ڕووبدات، عێراق وێران دەکات
وێستگەنیوز-
نوری مالیکی، هۆشداریی لەبارەی ئەگەری دروستبوونی پێکدادانی چەکداری لە ناوخۆی وڵات دەدات و دەڵێت، هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەنێوان دەوڵەت و گرووپەکاندا ڕووبدات، ئاگری جەنگ هەموو عێراق دەسوتێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی ئابی 2026، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە چاودێرانی سیاسی ڕایگەیاند: عێراق لە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و ئەم دۆخە پێویستی بە بەرپرسیارێتییەکی گەورە هەیە.
جەختیشی کردەوە لەوەی دەبێت پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا بە شێوەیەکی هێمنانە و دوور لە گرژیی سەربازی چارەسەر بکرێت.
سەبارەت بە لێککەوتەکانی هەر شەڕێکی ناوخۆیی، مالیکی وتی: دروستبوونی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان حکومەت و گرووپە چەکدارەکاندا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر سەقامگیری وڵات، لە هەر جەنگێکی ناوخۆییشدا سەرجەم عێراقییەکان دۆڕاو دەبن.
نوری مالیکی وەڵامی ئەو کەسانەشی دایەوە کە پێیان وایە ململانێکان تەنها لەنێوان لایەنە شیعەکاندا دەمێنێتەوە و وتی: ئەوانەی وا بیر دەکەنەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەکە تەنها لەنێوان پێکهاتەی شیعەدایە لە خەیاڵدان، چونکە ئاگری هەر پێکدادانێک هەموو عێراق و پێکهاتەکانی دەگرێتەوە و کاریگەریی وێرانی بەسەر تەواوی دەوڵەتەوە دەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەکاتێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی لە حکومەت دەکات، هەندێک لایەن هەوڵ دەدەن دۆخەکە تێکبدەن و فیتنە لە ناو وڵاتدا بڵاوبکەنەوە.
PM:07:35:26/08/2026
ئهم بابهته 320
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت