مەسعود بارزانی: ڕێگە نادەین هەرێمی کوردستان ببێتە پەناگەی گەندەڵکاران
وێستگەنیوز-
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بنبڕکردنی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵکاران ئەرکێکی پیرۆزە و جەختدەکاتەوە کە لەم پڕۆسەیەدا هێڵی سوور لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، لە پیرمام مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە دکتۆر محەمەد عەلی ئەللامی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد، کە تێیدا سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمیش ئامادەی بوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق کورتەیەکی لەبارەی ڕێکارەکانی نەهێشتنی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆسەیە خستە ڕوو، هاوکات داوای پشتیوانی لە مەسعود بارزانی کرد بۆ یارمەتیدانی عێراق لە بنبڕکردنی گەندەڵیدا و سوپاسی هەماهەنگییەکانی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی کرد.
لای خۆیەوە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵ دەربڕی و ڕایگەیاند: بنبڕکردنی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵکاران ئەرکێکی پیرۆزە.
مەسعود بارزانی دووپاتیشی کردەوە: بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت هەرێمی کوردستان ببێتە پەناگەیەک بۆ گەندەڵکاران و لەو پڕۆسەیەدا هێڵی سوور لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، سەرگرتنی پڕۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی پێویستی بە بەردەوامی هەیە و نابێت وەستانی تێبکەوێت، تاوەکو دادپەروەری بەتەواوی بەدیبێت.
PM:05:59:26/08/2026
ئهم بابهته 328
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت