هەژماری من: 6 رۆژی دیکە مووچەی ئەو کەسانە رادەگیرێت کە کارت وەرناگرنەوە
وێستگەنیوز-
تیمی پڕۆژەی (هەژماری من) ئاگادارییەکی بەپەلە و کۆتایی ئاراستەی ئەو مووچەخۆرانە دەکات کە تا ئێستا رێکارەکانی وەرگرتنی کارتی بانکییان تەواو نەکردووە و رایدەگەیەنێت، تەنیا 6 رۆژ لەبەردەم ئەو کەسانەدا ماوە بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان.
بەپێی راگەیەندراوێکی تیمی پڕۆژەکە، ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای مەرجێکی فەرمی حکومەتی عێراق دراوە، کە تێیدا جەختکراوەتەوە لە رۆژی 1ی ئەیلوولی 2026ـەوە، سیستەمی دابەشکردنی مووچە بە شێوەی دەستی و نەختینە (کاش) بە یەکجاری رادەگیرێت، هەر مووچەخۆرێک تا ئەو وادەیە پرۆسەی تۆمارکردن و وەرگرتنەوەی کارتی بانکی تەواو نەکات، ناتوانێت مووچەکەی وەربگرێت.
تیمی (هەژماری من) ئاماژەی بەوە کردووە، رۆژی 31ی ئاب دواین وادەیە بۆ تەواوکردنی رێکارەکان و ئەمە وەک دواین ئاگادارکردنەوە هەژمار دەکرێت، ئامارەکان دەریدەخەن کە تا ئێستا نزیکەی 130 هەزار مووچەخۆر کارتەکانیان لە بانکەکان ماوەتەوە و وەریان نەگرتووەتەوە.
سەبارەت بە رێژەی بەشداری لە پڕۆژەکەدا، تیمی (هەژماری من) روونیکردەوە کە تا ئێستا 97%ی کۆی گشتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەکەدا تۆمار کراون، بەڵام پێویستە ئەو رێژەیەی کە ماوە یان کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە، لە ماوەی ئەو 6 رۆژەدا سەردانی بانکەکان بکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ دەستپێکی مانگی نوێدا رووبەڕووی گرفتی راگرتنی مووچە نەبنەوە.
AM:10:56:26/08/2026
ئهم بابهته 360
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت