وەزیری دارایی عێراق: دەنگۆی دابەشکردنی مووچە لە هەر 45 رۆژ جارێکدا دوورە لە راستییەوە
وێستگەنیوز-
وەزیری دارایی عێراق دووپاتیکردەوە کە مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی مسۆگەر کراوە و دەنگۆی دابەشکردنی مووچە لە هەر 45 رۆژ جارێکدا دوورە لە راستییەوە، هاوکات وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە.
رۆژی سێشەممە 25ی ئابی 2026، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شارەزایانی ئابووری رایگەیاند، تێچووی مانگانەی مووچە لە عێراقدا گەیشتووەتە نزیکەی 7 ترلیۆن و 700 ملیار دینار، ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەتەکەیان کار دەکات بۆ رێکخستنەوەی خەرجییەکان و بەرزکردنەوەی کارایی دارایی، لەگەڵ هەوڵدان بۆ زیادکردنی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانی خاوەن پلە نزمەکان.
لە لایەکی دیکەوە، سەبارەت بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 8ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە دەستیپێکردووە، بڕیار وایە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دەست بە تەمویلکردنی سەرجەم وەزارەتەکانی عێراق بکرێت و دوای تەواوبوونی ئەو پرۆسەیەش، راستەوخۆ پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت.
پەیوەست بە دۆسیەی باج، وەزیری دارایی روونیکردەوە کە لە کۆی 3 هەزار و 800 گەورە باجدەر، تەنیا 1 هەزار و 300 کەسیان پابەندن بە پێدانی باج، بۆیە پلان هەیە لە رێگەی سیستەمی ژمارەی باجەوە رێگری لە خۆدزینەوە بگیرێت، هەروەها ئاشکرای کرد کە بڕی 20 ترلیۆن دینار شایستەی دارایی وەزارەت لەلایەن لایەنە جیاوازەکانەوە ماوەتەوە و کار بۆ وەرگرتنەوەیان دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فالح ساری باسی لەوە کرد کە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا عێراق سوود لە هێڵی بۆری نەوتی هاوبەشی سعوودی-کوێتی وەربگرێت کە توانای گواستنەوەی 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێکدا، ئەمەش بە مەبەستی هەمەچەشنکردنی رێگاکانی هەناردەکردنی نەوت.
وەزارەتی دارایی عێراق جەختی کردووەتەوە کە هەموو رێکارەکان بۆ ئەوەیە دابەشکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەبێ دواکەوتن بەردەوام بێت.
AM:08:29:26/08/2026
ئهم بابهته 268
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت