سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: بەنزین بکەنە 450 دینار یان نەوتەکە ڕادەست بکەن


وێستگەنیوز ـ

"سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بانگهێشت دەکات و بۆ کەمکردنەوەی نرخی سووتەمەنی دوو مەرجییان بۆ دادەنێت.

عومەر پێنجوێنی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ تاوتوێکردنی کێشەی گرانیی نرخی سووتەمەنی لە هەرێم شەوی ڕابردوو هەردوو فراکسیۆنی یەکگرتوو و هەڵوێست سەردانی هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیان کردووە.

عومەر پێنجوێنی ئاماژەی بەوە کرد، داوایان لە سەرۆکی پەرلەمان کردووە هەڵوێستێکی جددی هەبێت، چونکە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بووەتە کێشەیەکی قووڵ بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

لە وەڵامدا، هەیبەت حەلبوسی ڕایگەیاندووە، ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بانگ دەکرێت و دەبێت یەکێک لەم دوو بژاردەیە هەڵبژێرن:

بژاردەی یەکەم:
بەرهەمی ئەو 50,000 بەرمیل نەوتەی هەرێم وەک بەشەکانی دیکەی عێراقی لێ بکرێت و بەنزین بە نرخی 450 دینار بدرێتە هاووڵاتیان.

بژاردەی دووەم:
ئەو بەرهەمە ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ بکرێت و لە بەرامبەردا بەغدا سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێم دابین بکات کە نرخەکانی بەم شێوەیەیە:

لیتری بەنزین: 450 دینار.
لیتری گازوایل: 400 دینار.
لیتری نەوتی سپی: 150 دینار.



PM:02:49:25/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت