مامۆستایانی گرێبەست ناویان بۆ بودجەی 2027 رەوانەی بەغدا دەکرێت


وێستگەنیوز-

مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان رایانگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم گەیشتوونەتە ئەنجامێکی گرنگ سەبارەت بە جێگیرکردنی شایستە داراییەکانیان لە بودجەی ساڵی داهاتووی عێراقدا.


ئەمڕۆدووشەممە 24ی ئابی 2026، شاندێکی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی بودجەی هەرێم و ستافی ئامادەکاری پڕۆژەی وەزارەتی دارایی کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە مامۆستایان ئاشکرایان کرد، کە دڵنیابوونەتەوە لەوەی ناوی تەواوی مامۆستایانی گرێبەست و داتاکانیان خراوەتە ناو پڕۆژەیاسای بودجەی 2027، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی 10ی ئەمساڵدا رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت.

بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی دارایی هەرێم تەرخانی دارایی و ناوی تەواوی مامۆستایانی بۆ بەغدا ئامادە کردووە، ئەوەی جێگەی سەرنجە، تەنها داوای موچەی مانگانە نەکراوە، بەڵکو وەزارەتەکە داوای شایستە داراییەکانی تری وەک پارەی بڕوانامە، پاداشت و قەرەبووی ساڵانی رابردووی دانەمەزراندنی لە هەرێم بۆ مامۆستایان کردووە، لەپاڵ چین و توێژەکانی تری کە تا ئێستا لە مافی دامەزراندن بێبەش بوون.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، بڕیارە هەر ئەمڕۆ شاندێکی نوێنەرایەتی مامۆستایانی گرێبەست بەرەو شاری بەغدا بەڕێبکەون، ئامانجی ئەم سەردانە بریتییە لە پشتگیریکردنی داواکارییەکەی وەزارەتی دارایی و دروستکردنی پاڵپشتی لای پەرلەمانتاران، لیژنەی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق بۆ ئەوەی مافەکانیان لە ناو بودجەی ساڵی داهاتوودا جێگیر بکرێت.

مامۆستایانی گرێبەست هیواخوازن ئەم هەنگاوە ببێتە کۆتایی بە کێشە چەند ساڵەییەکەیان و داوا لە هەموو لایەک دەکەن پاڵپشتییان بن تا گەیشتن بە هەواڵی کۆتایی و دڵخۆشکەر.


PM:03:25:24/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو