لە خەبات روبەروبونەوەی چەکداری روویدا و هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی ماڵی خورشید هەرکییان دا


وێستگەنیوز-

بارودۆخی قەزای خەبات و گوندی گردەرەشە بە تەواوی ئاڵۆزی تێکەوت، ئەوەش دوای ئەوەی گەنجانی عەشیرەتی هەرکی بە چەکەوە رێگایان گرت و داوای ئازادکردنی خورشید هەرکی و براکەیان کرد، لە بەرانبەردا هێزە ئەمنییەکان بە چەکی جۆراوجۆر ناوچەکەیان گەمارۆ دا.


ئەمڕۆ دووشەممە لای کاتژمێر 00:10ـی بەرەبەیان بەپێی زانیارییەکان، رووبەرووبوونەوەی چەکداری لەنێوان لایەنگرانی خورشید هەرکی و هێزە ئەمنییەکان دەستی پێکرد، هێزەکان پێکهاتبوون لە دژەتیرۆر، زێرەڤانی، ئاسایش و لەشکری تایبەتی گوڵان، کە بە چەکی سوک و مامناوەند گەمارۆی گوندی گردەرەشەیان دا و چەندین بازگەیان لەسەر رێگاکان داناوە.

ئەم ئاڵۆزییە دوای ئەوە دێت کە خورشید هەرکی لە ناو زیندانەوە پەیامی بۆ گەنجانی عەشیرەتەکەی ناردووە و رایگەیاندووە کە دۆخی خۆی و براکەی (حەیدەر) باش نییە و دادگا بەنیازە سزای قورسیان بەسەردا بسەپێنێت، پۆلیسی هەولێر تۆمەتی کوشتنی کارمەندێکی زێرەڤانی و هاونیشتمانییەکی لە روداوەکانی تەمووزی 2025 ئاراستەی خورشید هەرکی و براکەی کردووە، کە سزاکەی بەپێی یاسا دەگاتە لەسێدارەدان.

لەمبارەیەوە، وەلید هەرکی وتەبێژی عەشیرەتی هەرکی لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا ئاشکرای کرد، کە هەوڵەکانی نێوەندگیری کەسایەتییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ وەزیری ناوخۆ تا ئێستا بێ ئەنجام بووە و هیچ رێککەوتنێکی ئەرێنی لێ نەکەوتووەتەوە، عەشیرەتەکە گومان دەکەن بەڵێنەکانی حکومەت تەنها بۆ دامرکاندنەوەی توڕەیی گەنجان بێت.

لە ئێستادا، جەوهەر ئاغا لە شاری موسڵەوە چاودێری دۆخەکە دەکات و چاوەڕێی دەرەنجامی هەوڵەکان دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک، لە کاتێکدا هێزە ئەمنییەکان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ هەر رووبەرووبوونەوەیەک و وەزارەتی ناوخۆش جەخت لە جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان دەکاتەوە.


AM:08:36:24/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو