لیزا كاكه‌یی: دوور له‌ چاوی میدیاكان گفتووگۆی پارتی و یه‌كێتی به‌رده‌وامه‌


وێستگه‌نیوز - 
ئه‌ندامێكی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه‌، گفتوگۆ و دانوستان له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان و پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌م دوور له‌ چاوی میدیاكان به‌رده‌وامه‌.


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، 23ی ئابی 2026، لیزا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ كوردستان24ـی وت: "بارودۆخی سیاسیی ئێستای عێراق و ناوچه‌كه‌، رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك پێشهات و ئاڵنگاریی نوێ بووه‌ته‌وه‌؛ ئه‌مه‌ش وا ده‌خوازێت لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان پتر له‌ پێشوو یه‌كده‌نگ و یه‌كڕیز بن بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكان".

وتی‌: "هه‌رێمی كوردستان له‌ رابردوودا به‌ قۆناخ و دۆخی گه‌لێك سه‌ختتردا تێپه‌ڕیوه‌، بۆیه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌توانن به‌ هه‌ماهه‌نگی و دیالۆگ، ئه‌م قۆناخه‌ سیاسییه‌ش به‌ سه‌ركه‌وتوویی تێپه‌ڕێنن و دامه‌زراوه‌ یاسایی و جێبه‌جێكردنه‌كانی هه‌رێم كارا بكه‌نه‌وه‌".

وتیشی‌: "دانوستان و گفتوگۆكان له‌ نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی، دوور له‌ چاوی میدیاكان، به‌ ئاراسته‌ی كاراكردنه‌وه‌ی خولی نوێی په‌رله‌مانی كوردستان و په‌له‌كردن له‌ رێكاره‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌می حكوومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وامییان هه‌یه‌".

هه‌رچه‌نده‌ له‌ 20ی تشرینی یه‌كه‌می 2024ه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدراوه‌ به‌ڵام تائێستا پارتی و یه‌كێتی نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن و نه‌توانراوه‌ كابینه‌ی ده‌یه‌می حكومه‌تی هه‌رێم پێكبهێنرێت. ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌وێته‌ حاڵه‌تی "بۆشایی یاساییه‌وه‌"، زۆرینه‌ی دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان واده‌ی یاساییان به‌سه‌رچوه‌ له‌وانه‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جگه‌ له‌وه‌ش هیچ چاودێریه‌كی په‌رله‌مان به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌دا نییه‌.



PM:05:54:23/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو