لە شاری سنە ژنێک بەدەستی هاوژینی پێشووی کوژرا


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی ئابی 2026، لە شاری سنە رووداوێکی کوشتن رووی دا و تێیدا ژنێکی گەنج بەدەستی هاوژینی پێشووی کوژرا.


قوربانییەکە ناوی (ئاتووسا جەعفەری)یە و تەمەنی 27 ساڵە، کە وەک فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتی پۆستەی شاری سنە کاری دەکرد، رووداوەکە لە کاتێکدا رووی داوە، کە ناوبراو سواری ئۆتۆمبێلەکەی بووە و بەرەو شوێنی کارەکەی بەڕێوە بووە، بەڵام لەسەر شەقام و لە دواوە لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە هێرشی کراوەتە سەر.

بەپێی زانیارییەکان، هێرشبەرەکە بە چەندین چەقۆ ئاتووسای کردووەتە ئامانج و یەکێک لە چەقۆکانی بەر دڵی کەوتووە، بەهۆی سەختی برینەکەی و خوێنبەربوونی زۆرەوە، دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

ئاتووسا جەعفەری چەند ساڵێک پێش ئێستا بەهۆی ناکۆکی خێزانییەوە لە هاوژینەکەی جیا بووەتەوە و لەگەڵ دایکیدا ژیاوە، سەرەڕای جیابوونەوەیان، ناوبراو لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بەردەوام رووبەڕووی هەڕەشە و ئازارپێگەیاندن بووەتەوە لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە.

ئەنجامدەری تاوانەکە دوای رووداوەکە لە شوێنی تاوانەکە هەڵاتووە و تا ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر نەکراوە، شارەزایانیش ئاماژە بەوە دەکەن، کە نەبوونی پارێزبەندی یاسایی و دادوەری بۆ قوربانییانی توندوتیژی، یەکێکە لە هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانە.


AM:11:21:23/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 792 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو