بەغدا و هەولێر سزاکانی هاتووچۆ و جام ڕەش یەکدەخەن


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی عێراق، ئەمرۆ یەکشەممە 23ی ئابی 2026، هەبوونی هەماهەنگی و هاوکارییەکی بەردەوامی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند، بە مەبەستی رێکخستنی دۆسیەکانی سزای دارایی و رەشکردنی جامی ئۆتۆمبێلەکان.


لەو چوارچێوەیەدا، عودەی سەمیر، بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی عێراق لە لێدوانێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە سەپاندنی سزای دارایی بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆی هەرێمی کوردستان یان هەر پارێزگایەکی تری عێراقیان پێوەیە، نوێنەرایەتی مافێکی یاسایی دەکات، وتیشی: "ئەم رێکارە بەپێی تایبەتمەندی شوێنی سەرپێچییەکە جێبەجێ دەکرێت، کە ئامانج لێی چەسپاندنی یاسا و کۆنتڕۆڵکردنی جووڵەی هاتووچۆ و پاراستنی سەلامەتی شۆفێرانە لە سەرتاسەری وڵاتدا".

بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆ جەختی لەوەش کردەوە، کە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە بواری تەکنیکی و رێکخستندا گەشەکردنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، ئێستا هەردوولا لەسەر رێنماییەکانی جامی رەشکردنی ئۆتۆمبێلیش گەیشتوونەتە رێککەوتن، تاوەکو شۆفێران لە کاتی هاتووچۆ لە نێوان شارەکاندا تووشی هیچ ئاستەنگێک نەبن.

بەپێی زانیارییەکان، لە ئێستادا سیستەمی سزاکان لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی بەستراوەتەوە، ئەمەش وادەکات هیچ کەسێک نەتوانێت لە سزای پێبژاردن بدزێتەوە.

سەبارەت بە رێنماییەکانی جامی رەش، لە هەرێمی کوردستان رێگە بە تاریککردنی جامی ئۆتۆمبێل دەدرێت بە مەرجێک رێژەکەی لە 30% تێپەڕ نەکات. بۆ ئەو کەسانەشی دەیانەوێت رێژەی زیاتر بەکاربهێنن، پێویستە ساڵانە بڕە پارەیەک وەک رسومات بدەن، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە.

لە کۆتاییدا، هاتووچۆی گشتی جەختی کردەوە کە ئەم هەماهەنگییە بەردەوامە رۆڵی دەبێت لە یەکخستنی تەواوی رێکارەکان و بەهێزکردنی دیسپلینی هاتووچۆ لە سەرتاسەری عێراقدا.


AM:09:48:23/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو