مەسعود بارزانی و بەرپرسی نووسینگەی یەکێتی ئەوروپا دۆخی سیاسی و فەرهەنگی پێکەوەژیان تاووتوێ دەکەن
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 22ی ئابی 2026، مەسعود بارزانی پێشوازی لە رادو بوتوم، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کرد، کە بە مەبەستی ماڵئاوایی و بەبۆنەی کۆتایهاتنی ئەرکەکانی سەردانی کردبوو.
لە دیدارەکەدا، بەرپرسی نووسینگەی یەکێتی ئەوروپا پیرۆزبایی لە مەسعود بارزانی کرد بەبۆنەی وەرگرتنی نیشانی باڵای قەداسەتی پاپای ڤاتیکان، هەروەها رۆڵی مێژوویی ناوبراوی لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان و قووڵکردنەوەی فەرهەنگی پێکەوەژیان و تەبایی لەنێوان هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان لە کوردستان و عێراقدا بە بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە، مەسعود بارزانی سوپاسی قەداسەتی پاپای ڤاتیکانی کرد و رایگەیاند، گەلی کوردستان سەربەرزە بەو فەرهەنگە دەوڵەمەندەی پێکەوەژیان کە لە باوباپیرانەوە بۆی ماوەتەوە، دووپاتیشی کردەوە کە ئەو فەرهەنگە وەک بنەمایەکی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان پارێزراو دەبێت و کاری زیاتر بۆ قووڵکردنەوەی دەکرێت.
مەسعود بارزانی دەستخۆشی لە ئەرک و ماندووبوونەکانی رادو بوتوم کرد لە ماوەی کارکردنیدا لە هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکانیدا بۆ خواست.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، هەردوولا باسیان لە بارودۆخی سیاسی، مەترسییەکان و ئەو دەرفەتانە کرد کە لە قۆناغی داهاتوودا لەبەردەم عێراق و ناوچەکەدان، هاوکات تیشک خرایە سەر پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان.
PM:02:21:22/08/2026
ئهم بابهته 272
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت