ئەنجوومەنی باڵای فەتوا: ڕەنگکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بە ماددەی کیمیایی حەرامە


وێستگەنیوز-

ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان بڕیارێکی شەرعی نوێی لەبارەی بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکان بۆ ڕەنگکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەرکرد و ڕایگەیاند، ئەم کارە بە هەموو شێوەیەک حەرام و قەدەغەیە.


ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕەنگرکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەچێتە خانەی غەش و فێڵکردن، چونکە دەبێتە هۆی شاردنەوەی کواڵێتی ڕاستەقینەی بەرهەمەکان و بەو هۆیەوە ماڵی خەڵک بە نادروستی دەخورێت و بەرهەمەکان بە نرخێکی گرانتر لە شایستەی خۆیان دەفرۆشرێن.

لە بەشێکی تری فەتواکەدا هاتووە، ئەو ماددە کیمیاییانەی بەکاردێن زیانی توندی تەندروستییان هەیە و مەترسی تووشبوونی هاوڵاتییان بە نەخۆشییە کوشندەکان زیاد دەکەن، بۆیە زیان گەیاندن بە تەندروستی گشتی لە ئاییندا ڕێگەپێنەدراوە.

ئەنجوومەنی باڵای فەتوا داوا لە جوتیاران دەکات بۆ قازانجێکی کەم و کاتی، پەنا بۆ کاری حەرام نەبەن، هاوکات داوا لە حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکات چاودێرییەکان توندتر بکەن و سزای یاسایی بەسەر سەرپێچیکاراندا بسەپێنن.



PM:06:58:21/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو