قەرەیلان: تا ڕێبەر ئاپۆ لە زیندان بێت، ناتوانم بە هیچ کەسێک بڵێم چەک دابنێ
وێستەنیوز-
موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) ڕایگەیاند، پەکەکە خوازیارە لەگەڵ تورکیا بگاتە ڕێککەوتن، بەڵام جەختی کردەوە لەوەی تا عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندان بێت، فەرمانی چەکدانان بە کەس نادەن.
موراد قەرەیلان بەبۆنەی 42ـەمین ساڵیادی دەستپێکردنی خەباتی چەکداریی پەکەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕەخنەی توندی لەو یاسایە گرت کە بۆ پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پەسندکراوە و وتی: لەنێو یاساکەدا وشەی کورد نییە و باسی دیموکراسی نەکراوە؛ ئەمە ڕوانگەیەکی تەسکە و ناتوانێت کێشەیەکی 100 ساڵە چارەسەر بکات.
سەبارەت بە پرسی چەکدانان، قەرەیلان وتی: پێشتریش گوتوومە، ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ لە زیندان بێت، من ناتوانم بە هیچ کەسێک بڵێم چەک دابنێ و بڕوات، بەڵام ئەگەر ئەو بکەوێتە نێو پرۆسەکە و لەگەڵ هەڤاڵان کۆببێتەوە و قایلیان بکات، ئەو کاتە ئامادەین تێکۆشان لە مەیدانی شەڕەوە بگوازینەوە بۆ مەیدانی سیاسەت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، قەرەیلان پێشنیاری پێکهێنانی دەستەی لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکان و دادپەروەری کرد و ڕایگەیاند، ئەوان دەیانەوێت ببنە بەشێک لە کۆمارێکی دیموکراسی و ئاشتییەکی بەردەوام بێتە ئاراوە، چونکە بە وتەی ئەو "دەوڵەتی تورک هەر کاتێک لەگەڵ کورد هاوپەیمانی کردبێت، گەشەی کردووە و بەهێز بووە."
PM:05:42:21/08/2026
ئهم بابهته 308
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت