سەندیكای هونەرمەندان بۆ دەزگاكانی راگەیاندن: شکۆی هونەرمەندان بپارێزن


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی ئابی 2026، ئەنجومەنی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی گشت دەزگا میدیاییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، داوای پاراستنی شکۆی هونەرمەندان دەکات و هۆشداری لە بڵاوکردنەوەی هەندێک جۆری چاوپێکەوتن دەدات.


لە نووسراوەکەدا هاتووە، هەندێک لە هونەرمەندان بەهۆی هەڵکشانی تەمەن و تێکچوونی باری تەندروستی، کاریگەری لەسەر شێوازی قسەکردن و جەستەیان دروست بووە، بۆیە پێویستە هەموان رەچاوی ئەو دۆخەیان بکەن و بە چاوێکی رێزەوە لێیان بڕوانن.

سەندیکای هونەرمەندان رەخنە لە هەندێک دەزگای میدیایی دەگرێت و دەڵێت: "ماوەیەکە هەندێک میدیا چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو هونەرمەندانە دەکەن کە تەندروستییان باش نییە، ئەمەش کاردانەوەی نەرێنی لە سۆشیاڵ میدیا لێدەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی شکاندنی شکۆی هونەرمەندەکە"، ئاماژە بەوەش کراوە کە هەندێک لەو دەزگایانە بە مەبەستی راکێشانی سەرنج یان بە ناوی هاوکارییەوە ئەم کارە دەکەن، بەڵام ئەنجامەکەی زیان بە کەسایەتی هونەرمەند دەگەیەنێت.

لە کۆتایی نووسراوەکەدا، ئەنجومەنی سەندیکای هونەرمەندان داوا لە سەرجەم میدیاکان دەکات، خۆیان بەدوور بگرن لە نیشاندانی ئەو جۆرە چاوپێکەوتنانەی کە زیان بە شکۆ و ناوبانگی هونەرمەندان دەگەیەنێت و لەبەردەم کامێرادا وەک پێویست دەرناکەون، جەختیش دەکاتەوە کە دەبێت هەوڵەکان تەنها بۆ خزمەتکردنی هونەرمەندان بن بە شێوازێکی شایستە.


PM:01:53:20/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 512 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو