وەزارەتی دارایی مافی راژەی شارستانی و خانەنشینی بە فەرمانبەرانی رێکخراوەکان بەخشی
وێستگەنیوز-
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەی فەرمانبەرانی رێکخراوەکان دەرکرد و تەواوی مافەکانی راژەی شارستانی و خانەنشینی بۆ یەکلایی کردنەوە.
بەپێی گشتاندنێکی فەرمی وەزارەتی دارایی کە بە واژووی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری لە رۆژی چوارشەممە 19ی ئابی 2026 دەرچووە، بڕیاردرا فەرمانبەرانی رێکخراوەکان بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان تەواوی مافەکانی راژەی شارستانی و خانەنشینییان پێبدرێت.
بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە، لەمەودوا لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وەک فەرمانبەری ئاسایی و سەر بە میلاکی هەمیشەیی مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرانی رێکخراوەکان دەکرێت، هەروەها سەرجەم مافە یاسایی، کارگێڕی و داراییەکانیان بۆ دەستەبەر دەکرێت و خزمەتەکانیان هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکە بۆ خانەنشینی هەژمار دەکرێت.
فەرمانبەرانی رێکخراوەکان ئەو کەسانەن کە پێشتر لە رێکخراوە حزبی و سیاسییەکاندا کاریان کردووە و دواتر راژەکانیان گواستراوەتەوە بۆ سەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم توێژە بۆ ماوەی چەندین ساڵ رووبەڕووی گرفتی یاسایی ببوونەوە بەهۆی هەژمارنەکردنی خزمەتەکانیان، بەتایبەتی لە کاتی خانەنشینبووندا کە نەدەتوانرا مافە داراییەکانیان بۆ خەرج بکرێت.
بەم بڕیارە نوێیەی وەزارەتی دارایی، چارەنووسی ئەو فەرمانبەرانە بە یەکجاری یەکلایی کرایەوە و هەموو ئەو ئاستەنگانە لادران کە لە رابردوودا لەبەردەم وەرگرتنی مافەکانیاندا هەبووە.
AM:10:28:20/08/2026
ئهم بابهته 304
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت