کتێبخانەی گشتیی سلێمانی: رووداو پرۆفیشناڵ نەبوو
وێستگەنیوز -
کتێبخانەی گشتیی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە کەناڵی ڕووداو و بەرنامەیەکی پێشکەشکار دەروون گێژەن بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەبێ ویژدانانە و بە مەرامی لێدان لە ناوبانگی سلێمانی کارێکی تەلەفزیۆنییان ئەنجامداوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 18ـەی ئابی 2026، هۆبەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی کتێبخانەی گشتیی سلێمانی ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە 13ـەی ئاب، تیمێکی کەناڵی ڕووداو سەردانی کتێبخانەی گشتییان کرد بە مەبەستی تۆمارکردنی بەرنامەیەک لەسەر پرۆسەی خوێندنەوە، ئێمەش وەک هاوکاری مۆڵەتمان پێدان و ئامار و زانیاری پێویستمان خستە بەردەستیان، بەڵام دوای پەخشکردنی بەرنامەکە لە شەوی 15 لەسەر 16ـەی مانگ لەلایەن پێشکەشکار دەروون گێژەن، دەرکەوت بەرنامەکە لە ئامانجی خۆی لایداوە.
کتێبخانەی گشتیی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا 5 خاڵی وەک وەڵام بۆ ئەو کەناڵە خستووەتە ڕوو کە بریتین لە:
- ئەگەر مەرامی ڕووداو لێدان نەبێت لە سلێمانی، خێرە تیمێکی زۆر و بۆر لە هەولێرەوە بێنە سلێمانی بۆ تۆمارکردنی بڕگەیەک کە پڕ بێت لە تیروتیانجی بێ ویژدانانە؟ ئایا لە هەولێری پایتەخت هۆڵ و کتێبخانە نەبوو ئەو بڕگەیەی تێدا تۆمار بکەن؟ یان مەبەستەکە تەنها لێدان بوو لە سلێمانی؟
- پێشکەشکار دەڵێت کتێبخانە بێدەنگە و گوێت لە دەنگی هیچ نییە، ئێمەش دەڵێین جەنابی پێشکەشکار ئەمە کەشی ڕاستەقینەی کتێبخانەیە کە دەبێت بێدەنگ بێت.
- جەنابی پێشکەشکار هیچ ئامارێکی کتێبخانەکانی تری کوردستانی بڵاونەکردەوە و تەنها سلێمانی کردە ئامانج، ئەمەش پەردە لەسەر مەرامە ڕاستەقینەکەی لادەبات.
- ئەو هۆڵەی وێنەگیراوە و دەوترێت چۆڵە، هۆڵی لەتیف هەڵمەتە کە تایبەتە بە چالاکییە ئەدەبییەکان و تەنها لە کاتی چالاکیدا دەکرێتەوە، نەک بۆ خوێندنەوەی ڕۆژانە.
- ئێمە بۆ لەمەودوا وانەمان لە هاتنی تیمی ڕووداو وەرگرت، هیوادارین ئەو کەناڵەش عار بکات لە مکیاژکردنی مەرامەکانی دژی شاری سلێمانی.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، کتێبخانەی گشتیی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان بەردەوام ئامارەکانیان بڵاودەکەنەوە و ئەوەی کراوە کارێکی ناپرۆفیشناڵانە بووە بۆ لێدان لە دامەزراوە کلتورییەکانی شارەکە.
PM:12:48:18/08/2026
ئهم بابهته 1648
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت