غالب محەمەد بۆ وێستگەنیوز: دوو کەسایەتی کورد فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان نەماون
وێستگەنیوز-محەمەد فاتیح
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران لە عێراق، کە چەندین پەرلەمانتار و وەزیری گرتووەتەوە، بەرامبەر بە کەسایەتییە کوردەکان "سیستی" تێدایە.
د. غالب محەمەد عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ وێستگەنیوز ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ کەسایەتییەکی کورد لەسەر گەندەڵی دەستگیر نەکراوە و هیچ کوردێک لەنێو دەستگیرکراوەکانی ئەم دواییەدا نییە، ئەمەش لە کاتێکدایە بەپێی زانیارییەکانم دوو کەسایەتی کورد فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان نەماون.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، دەستگیرنەکردنی کەسایەتییە کوردەکان پشێوی و پرسیاری لەناو خەڵکی عێراقدا دروستکردووە و دەپرسن: "بۆچی لەکاتێکدا ئەو هەموو پەرلەمانتار و وەزیرە لەسەر گەندەڵی دەستگیر دەکرێن، کوردیان تێدا نییە؟"
غالب محەمەد جەختی لە پرسی وەزیرێکی پێشووی کورد کردەوە و وتی: سوور دەزانین هۆشیار زێباری کە وەزیرێکی کورد بوو، لەسەر دزی دەرکراوە، هەست دەکەین سستییەک هەیە لە بابەتی دەستگیرنەکردنی کەسایەتییە کوردەکان لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی.
سەبارەت بە هۆکاری ئەم سستییە، ئەو پەرلەمانتارە بۆ وێستگەنیوز وتی: دەسەڵاتدارانی بەغدا ترسیان لەوە هەیە ئەگەر فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسە کوردەکان دەربکەن، ڕابکەن بۆ هەرێمی کوردستان و دواتر نەتوانن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن یان دەستیان پێیان ڕابگات.
AM:11:17:18/08/2026
ئهم بابهته 1272
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت