لە چەمچەماڵ دەست بەسەر 5 تۆن خۆراک و شمەکی بەسەرچوودا گیرا و لەناوبرا


وێستگەنیوز –

تەندروستی چەمچەماڵ بڵاویکردەوە، بڕی 5 تۆن خۆراک و شمەکی جۆراوجۆری بەسەرچوویان لەناو بردووە کە لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا دەستی بەسەردا گیرابوو، جەختیش دەکاتەوە لەوەی ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر ئەو خاوەن شوێنانە گیراوەتەبەر کە شمەکی خراپیان بە هاوڵاتییان فرۆشتووە.


دوێنێ دووشەممە 17ـەی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، بڕی 5 تۆن شمەک و خۆراکی جۆراوجۆری بەسەرچوویان لەناو بردووە کە لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی قەزاکەوە دەستی بەسەردا گیرابوو.

ئەو مادە بەسەرچووانە لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینی لیژنەکان لەناو بازاڕ، مارکێت و شوێنە گشتییەکانی چەمچەماڵ دەستیان بەسەردا گیراوە.

لیژنە هاوبەشەکان پێکهاتوون لە نوێنەرانی قائیمقامیەت، چاودێری تەندروستی، بەشی ئابووری ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی و بەرگری شارستانی، کە بە هاوکاری کۆمپانیایەک پرۆسەی لەناوبردنەکەیان ئەنجامداوە.

تەندروستی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر خاوەن ئەو شوێن و مارکێتانە گیراوەتەبەر کە سەرپێچییان کردووە.

هاوکات، بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی کردەوە لەوەی بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی هاوڵاتییان و داوا لە هەموو لایەک دەکەن لە کاتی بینینی هەر شمەکێکی خراپ یان بەسەرچوو، دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداربکەنەوە.


AM:09:49:18/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت