مه‌لا به‌ختیار: ھێرشكردنه سه‌ر باره‌گای سه‌رۆك وه‌زیران زه‌نگێكی مه‌ترسیداره
وێستگه‌نیوز –
مه‌لا به‌ختیار، نووسه‌ر و سیاسه‌تمه‌دار، هێرشی درۆنیی ئێران بۆ سه‌ر نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و ئاژانسی پاراستن به "زه‌نگێكی مه‌ترسیدار" وه‌سف ده‌كات و هۆشداری ده‌دات كه هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی جه‌نگێكی گشتگیردایه؛ ده‌شڵێ كه "به‌هۆی ململانێ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و گومانی ئێران به‌رامبه‌ر هه‌ولێر، پێویسته هه‌رێم به وریاییه‌وه سه‌یری دۆخه‌كه بكات، چونكه له ئه‌گه‌ری په‌ره‌سه‌ندنی گرژییه‌كان، كۆماری ئیسلامی هیچ سنورێكی سیاسی و جوگرافی ناناسێت".
له په‌یامێكدا كه ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه بڵاویكردووه‌ته‌وه، مه‌لا به‌ختیار هۆشداری توند ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت كه هێرشكردنه سه‌ر باره‌گای سه‌رۆك وه‌زیران و شوێنی ماوه‌نه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی پاراستن "زه‌نگێكی مه‌ترسیداره".
مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێت: "ئه‌م دوو هێرشه ته‌نها رووداوێكی ئاسایی نین، به‌ڵكو ئاماژه‌ن بۆ مه‌ترسییه‌كی راسته‌وخۆ بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه كه "له ماوه‌ی رابردودا، ناوچه جیاوازه‌كانی وه‌ك تاسڵوجه، ته‌گه‌ران و قه‌ڵاچوالان له لایه‌ن ئێرانه‌وه كراونه‌ته ئامانج و ئێستاش هێرشه‌كان گه‌یشتونه‌ته ناوجه‌رگه‌ی باره‌گا فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم".
هۆشداریش ده‌دات له‌وه‌ی "نابێت ته‌نها دڵمان به بروسكه‌ی سه‌ركۆنه‌كردن و پشتیوانییه‌كان خۆش بێت" و پێیوایه كه هه‌رێم هێشتا به‌شێكه له عێراقێك كه تێیدا هێزه نزیكه‌كانی ئێران و حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك "ده‌وڵه‌تی قوڵ" كار ده‌كه‌ن، هه‌ر بۆیه ئێران هه‌رێمی كوردستان به ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه و ئامانجه سه‌ربازییه‌كانی خۆی له ناوچه‌كه‌دا نابینێت.
له به‌شێكی تری په‌یامه‌كه‌یدا مه‌لا به‌ختیار ئاماژه به ئه‌گه‌ری ناوه‌ڕۆكی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كانی نێوان به‌رپرسانی هه‌رێم و سوپای پاسداران ده‌كات و ده‌ڵێت كه "ئه‌گه‌ر لێدوانه‌كانی فه‌رمانده‌ی سوپای ئێران راست بن، كه ئاغای وه‌حیدی وتویه‌تی، ده‌ترسین ئیسرائیل وه‌فده‌كه‌مان له هه‌ولێر تیرۆربكات، ئه‌وا تاران هێشتا له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه سووره كه هه‌ولێر مۆڵگه‌ی ئیسرائیله، ئه‌مه‌ش وه‌ك بیانویه‌ك بۆ به‌رده‌وامیی هێرشه‌كان به‌كارده‌هێنرێت".
راشیگه‌یاندووه كه "له ئه‌گه‌ری سه‌پاندنی گه‌مارۆی نوێ به‌سه‌ر ئێران‌دا، ئه‌وا تاران جه‌نگێكی كوشنده‌تر و فراوانتر به‌رپا ده‌كات كه كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر هه‌رێم ده‌بێت".
له كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا، مه‌لا به‌ختیار جه‌خت ده‌كاته‌وه كه پێویسته هه‌رێمی كوردستان له‌ناو كۆی هاوكێشه ناوچه‌ییه‌كان سه‌یری روداوه‌كان بكات. ئه‌و هۆشداری ده‌دات كه ئه‌گه‌ر جه‌نگێكی گشتگیر هه‌ڵگیرسێته‌وه، ئێران هه‌مو سنوره‌كان ده‌به‌زێنێت و وه‌ك چۆن ده‌ست له وڵاتانی تر ناپارێزێت، ئاوهاش هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر سلێمانی و هه‌ولێر ده‌گه‌یه‌نێته قۆناغێكی مه‌ترسیدار.
ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌لا به‌ختیاره؛
ھێرشكردنه سه‌ر باره‌گای سه‌رۆك وه‌زیران؛ زه‌نگێكی مه‌ترسیداره!
مه‌لا به‌ختیار
"ئه‌م به‌یانییه، به‌پێی لێدوانه ره‌سمییه‌كانی حكوومه‌تی ھه‌رێم و بروسكه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان، كۆماری ئیسلامی ئێران دوو درۆنی گرتووه‌ته ئۆفیسی سه‌رۆك وه‌زیران و ئۆفیسی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی پاراستن. ئه‌مكاره‌ش، ده‌ستبه‌جێ كاردانه‌وه‌ی فراوانی لێكه‌وتۆته‌وه‌و زۆربه‌ی حزبه‌كانی عێراق و كوردستان و كه‌سایه‌تییه‌كان، سه‌ركۆنه‌یانكرد. ئێمه‌ش پێمانوایه، ئه‌م دوو درۆنه، دوو باره‌گای ھه‌ستیاری ره‌سمی ھی سه‌رۆك وه‌زیران و ئاژانسی پاراستن، دوو درۆنن زه‌نگی مه‌ترسیداری راسته‌وخۆن بۆ سه‌ر ھه‌رێمی كوردستان. به‌تایبه‌تی له‌مانگی رابردووه‌وه، كۆماری ئیسلامی، باروتخانه‌ی تاسڵوجه‌و تۆپخانه‌ی ته‌گه‌ران و فه‌رمانده‌یی و قه‌ڵاچوالانیشی دابێژاوه. ئێستاش دوو باره‌گای سه‌ره‌كی حكوومه‌ت.
بێگومان ھه‌تا ئه‌مكاره ناڕه‌وایه سه‌ركۆنه بكرێت، ده‌یسه‌لمێنێت پشتیوانی ھه‌رێمی كوردستان فراوانه و مایه‌ی دڵخۆشییه، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه مه‌ترسیدارتر و چاره‌نووسسازتره. ته‌نھا دڵمان به بروسكه‌كان و پشتیوانییه‌كان خۆشنه‌بێت، چونكه ئه‌م رووداوانه له سلێمانی و ھه‌ولێر، پێشتریش له ده‌ڤه‌ره‌كانی دیكه، له‌خۆڕا روویاننه‌داوه. به‌تایبه‌تی كاتێك ده‌بینن، كۆماری ئیسلامی ئێران، په‌یتا په‌یتا ده‌وڵه‌ته دۆسته عه‌ره‌بییه‌كانی خۆشی، به‌ھۆی بونی بنكه‌ی ئه‌مریكاوه درۆن و موشه‌كباران ده‌كات، كه ئه‌وانه ھه‌موو ده‌وڵه‌تانی دانپێدانراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانن و كاریگه‌ریی ناوچه‌كه‌ن، ئیتر ده‌بێت ئێمه بزانین، ھه‌رێمی كوردستان، ھێشتا سه‌ربه‌خۆ نییه‌و به‌شێكه له ده‌وڵه‌تی فیدراڵی عێراق، له عێراقیشدا شیعه ـدۆست و پشتیوانی ئێران- حاكمن، حه‌شدی شه‌عبی و فه‌سائیلیش ده‌وڵه‌تی قوڵن، دیاره له‌به‌ر ئه‌و ھۆكارانه‌ی له ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی ده‌درێت، له روانگه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه، بۆ ھه‌مان ئامانج ھه‌رێمیان لێده‌رنه‌ھاویشتووه. گه‌رچی حكوومه‌تی ھه‌رێم و ده‌شتوانم بڵێم زۆربه‌ی حزبه سیاسییه‌كان، ھه‌ڵوێستێكی ھاوسه‌نگ و به‌رپرسیارانه‌شیان له‌م جه‌نگه ناڕه‌وایه‌ی ئێران و ئه‌مریكادا ھه‌بووه. جگه له په‌یوه‌ندی دێرینی پارتی و یه‌كێتی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، ھه‌تا ھه‌نوكه‌ش.
دوێنێ، میدیای عه‌ره‌بی و كوردی بڵاویانكرده‌وه، گوایه له په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی نێوان به‌ڕێز نێچیره‌ڤان بارزانی و ئاغای وه‌حیدی فه‌رمانده‌ی گشتی سوپای پاسداران، بۆ دڵنیابونی ئه‌مریكا له نییه‌تی گفتوگۆی ئێران و ناوبژیكردنی نێوانیان، ئاغای وه‌حیدی وتویه‌تی: پێمانخۆشه له ھه‌ولێر درێژه به گفتوگۆكانمان بده‌ین، به‌ڵام ده‌ترسین ئیسرائیل وه‌فده‌كه‌مان تیرۆربكات. ئه‌گه‌ر ئه‌م وه‌ڵامه‌ی ئاغای وه‌حیدی راست و دروستبێت، كه‌واته: ئێران سوره له‌سه‌رئه‌وه‌ی ھه‌ولێر مۆڵگه‌ی گوماناوی ئیسرائیله. له‌مه‌وه، ھه‌تا ده‌گاته بونی ھێزه‌كانی ئه‌مریكا و لایه‌نه سیاسییه‌كانی رۆژھه‌ڵاتی كوردستان، ئیتر تێبگه‌ین به‌پێی زانیارییه‌كانی ئیتڵاعات و ئیتڵاعاتی پاسداران، ئێران چۆن سه‌یری كوردستان ده‌كه‌ن!.
بۆچی ئێران له‌م كاته‌دا، كه ئه‌مڕۆ ئاخیر كه‌ینوبه‌ینی 60 رۆژ راگرتنی جه‌نگه، دوو درۆن ده‌گرێته دوو باره‌گای ره‌سمی؟! خۆ ده‌یانتوانی چه‌ند رۆژێكیتر ھه‌مانكرده‌وه ئه‌نجامبده‌ن. دوورنییه ئێران وه‌كو ئۆڵته‌ماتیمی عه‌سكه‌ری، په‌یامی گه‌یاندبێته ھه‌رێم و پێیانبڵێت: ئه‌گه‌ر گه‌ڕی چواره‌می جه‌نگ ھه‌ڵگیرسایه‌وه، جه‌نگێكی فراوانتر و كوشنده‌تر ده‌بێت. چونكه ئه‌مریكا به ته‌مایه گه‌مارۆی پۆڵاین بسه‌پێنێته سه‌ر ئێران! گه‌ڕی چواره‌می جه‌نگه‌كه دوای ئه‌م گه‌مارۆیه، بێگومان سه‌باره‌ت به كۆماری ئیسلامی ئێران، له گه‌ڕه‌كانی تری جه‌نگه‌كه ترسناكتر ده‌بێت.
بۆئه‌وه‌ی ئه‌و بۆچونه‌شمان پاڵپشتبێت به رووداوه‌كان، ده‌ڵێین: به‌كرده‌وه جه‌نگ رانه‌وه‌ستاوه، ئێران یه‌كێك له مه‌رجه‌كانی بۆ كۆتاییپێھاتنی جه‌نگ، پاراستنی حیزب الله‌و كۆتاییپێھاتنی كێشه‌ی باشوری لوبنانه. كه‌چی ئیسرائیل به راشكاوی ده‌یڵێن: ئێمه به قسه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا ناكه‌ین و تا حزب الله داماڵه‌خاسی چه‌ك نه‌كرێت، ھه‌ر په‌لاماریده‌ده‌ین. ته‌نانه‌ت له غه‌ززه‌ش ناكشێنه‌وه‌و چاوه‌ڕوانن دواچه‌ك و تونێلی حه‌ماسه‌كان راده‌ستبكرێت. بۆئه‌وه‌ی ئه‌و فشاره له‌سه‌ر حزب الله‌و حه‌ماس كه‌مبێته‌وه، ده‌بینین حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن له دوو قۆڵه‌وه، شه‌ڕگه‌كانیان گه‌رمكردووه. قۆڵی سعودییه‌و قۆڵی ناو یه‌مه‌ن. كه‌واته كوا جه‌نگ وه‌ستاوه؟ ئه‌مریكا یه‌ك پاپۆڕی نه‌كشاندووه‌ته‌وه. كارخانه‌كانی راسپاردووه ده‌بۆی چه‌كه قورسه‌كانی پڕ بكه‌نه‌وه. به‌شه ھه‌ره گرنگه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی عێراقیش، ئاماده‌نین چه‌ك راده‌ست بكه‌ن. به‌ڵكو ھادی عامریش ھاته‌سه‌ر ھێڵی گه‌رم و ھه‌ڕه‌شه‌ی له جه‌نابی زه‌یدی كرد. ھه‌رێمی كوردستان، پێویسته له‌ناو كۆی ئه‌و دۆخه‌ی ناوچه‌كه و عێراق و مه‌ترسییه‌كانی ئێران سه‌یری رووداوه‌كان بكات. ئه‌م لێدانه ناڕه‌وایه‌ش، له دوو باره‌گای ره‌سمی سه‌رۆك وه‌زیران و ئاژانسی پاراستن، ھه‌رده‌چێته ناو ھه‌مان چوارچێوه‌ی دۆخه‌كه‌وه. به‌ڵكو زه‌نگێكی مه‌ترسیداریشه بۆ ھه‌رێم، بۆ سلێمانی و ھه‌ولێر، كه‌له ئه‌گه‌ری به‌رپاكردنه‌وه‌ی جه‌نگدا، چۆن ده‌ست له قه‌ته‌ر و سه‌ڵته‌نه‌تی عوممان ناپارێزن، ئاواش ده‌ست له ھه‌رێم ناپارێزرێت. به‌ڵكو گه‌یاندییانه ھێڵی سوریش. كه‌وابێ: كۆماری ئیسلامی ئێران، له‌م جه‌نگه چاره‌نووسسازه‌یدا ھه‌موو سنوره‌كان ده‌به‌زێنێت.
PM:06:11:17/08/2026
ئه‌م بابه‌ته 368
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت