کەسایەتیی، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و هەسەدە سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەکەن


وێستگەنیوز –

دوای بە ئامانجگرتنی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن لە ڕێگەی درۆنەوە، شەپۆلێکی سەرکۆنەکردن و کاردانەوەی سیاسی ناوچەکەی گرتووەتەوە و لایەنەکان هێرشەکە بە بەزاندنی سەروەریی عێراق وەسف دەکەن.


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە توندترین شێوە هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار ناوی برد. سەرۆکی هەرێم داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد بەرپرسیاریەتی دەستووری خۆی لە پاراستنی ئاسایشی وڵات جێبەجێ بکات و جەختی کردەوە کە پاراستنی سەروەریی عێراق بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشە.

هەروەها قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، هێرشەکەی بە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق وەسف کرد و ڕایگەیاند: ئەم جۆرە هێرشانە نەک تەنها ڕێزنەگرتنە لە هەڵوێست و ڕۆڵی ئاشتیخوازانەی هەرێمی کوردستان، بەڵکو پێشێلکردنێکی مەترسیداری سەروەریی عێراقە.

لای خۆشییەوە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، هەرێم هەرگیز بەشێک نەبووە لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە. پارتی داوای لە حکومەتی عێراق کرد لە زووترین کاتدا و بە ڕێگەی گونجاو بەرەنگاری ئەم دەستدرێژییانە ببێتەوە و ڕێگا نەدات بارودۆخەکە ئاڵۆزتر بکرێت.

وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستانیش ئیدانەی هێرشەکەی کرد و جەختی کردەوە لەسەر پاراستنی هەڵوێستی بێلایەنی هەرێمی کوردستان بەرانبەر شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، جەختیشی لەسەر پاراستنی هاوسەنگیی سیاسی هەرێم کردەوە.

لەسەر ئاستی ناوچەییش، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، پشتیوانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و هێرشەکەی بە کارێکی نائەخلاقی و ڕەتکراوە ناوبرد کە دەستدرێژییە بۆ سەر ئیرادەی گەلی هەرێم و دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق.


PM:04:01:17/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت