کەسایەتییە سیاسی و حزبە عێراقییەکان دژی هێرشەکەی پیرمام دەوەستنەوە
وێستگەنیوز-
دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئابی 2026، لەرێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، شەپۆلێکی توندی سەرکۆنەکردن لایەنە سیاسییەکانی عێراقی گرتەوە.
رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوە بکات و گروپە چەکدارەکان لە چەک دابماڵرێن، هاوکات هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هێرشەکەی بە پێشێلکارییەکی روون وەسف کرد؛ عەباس موسەوی راوێژکاری هاوپەیمانییەکە وتی: "پێویستە عێراق بەپەلە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو بکڕێت بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵات".
لای خۆیەوە خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە رایگەیاند، هێرشکردنە سەر نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم بە درۆنی ئێرانی پێشهاتێکی "لە رادەبەدەر مەترسیدارە" و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییانە دابنێن، هەروەها حزبی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبووسی، پشتیوانی خۆی بۆ هەر پێشنیازێکی فراکسیۆنە کوردییەکان لە پەرلەمان دەربڕی بۆ رێگری لەم جۆرە هێرشانە و جەختی کردەوە کە دەبێت وەڵامێکی یەکلاییکەرەوە هەبێت.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق هۆشداری توندی دا لە تێوەگلانی عێراق لە ململانێیەکی ناوچەیی و وتی: "نابێت عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی حیسابات و ئاڵوگۆڕی پەیامەکان"، کازمی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هێرشە هاوکاتە لەگەڵ یادی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتی و ئامانج لێی پەکخستنی رۆڵی هەرێمە لە هێورکردنەوەی ناوچەکە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەحمەد عوینان جەربا، سەرۆکی رەوتی غەدی سووری رایگەیاند، ئەم هێرشانە پرۆسەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراون بۆ لێدان لە ئاسایش و دەستکەوتە ئابووری و سیاسییەکانی هەرێم، چونکە باڵی توندڕەو لە ئێران ناتوانن ئەو "مۆدێلە شارستانییەی" هەرێم بونیادی ناوە قبوڵی بکە،.
ئەم کاردانەوانە دوای ئەوە دێن کە دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 00:28، دوو درۆنی (حەدید-110) لە ناو خاکی ئێرانەوە ئاراستەی قەزای پیرمام کراون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە.
PM:03:47:17/08/2026
ئهم بابهته 260
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت