مەسرور بارزانی: ئێران بە درۆن ئۆفیسەکەم و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی کردە ئامانج
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئابی 2026، دژەتیرۆری کوردستان و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وردەکاری هێرشێکی درۆنییان بۆ سەر قەزای پیرمام ئاشکرا کرد، کە تیایدا نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی و ماڵی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن کراونەتە ئامانج.
بەپێی راگەیەندراوێکی دژەتیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئابی 2026، لە کاتژمێر 00:28، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمام کراون، ئاماژە بەوەش دراوە کە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند: "ئەم هێرشە بێباکانە و قبووڵنەکراوانە، پەرەسەندنێکی مەترسیدار و هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان"، جەختیشی کردەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە ساردیان ناکاتەوە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان و پاراستنی هاوڵاتییان.
دژەتیرۆری کوردستان بە توندی سەرکۆنەی ئەم دەستدرێژییەی کردووە و رایگەیاندووە کە ئەم جۆرە کارانە بە هیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین و تەواوی بەرپرسیارێتی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانی هێرشەکەیە.
AM:11:44:17/08/2026
ئهم بابهته 220
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت