عەباس عەراقچی: وڵاتانی دراوسێ کلیلی رزگارکردنی ئابوریی ئێرانن لە کاتی گەمارۆکاندا


وێستگەنیوز-

عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لە پارێزگای خۆراسانی رەزەوی، جەختی لەسەر گرنگیی وڵاتانی دراوسێ کردەوە وەک گەورەترین دەرفەت بۆ سیاسەتی دەرەوە و گەشەپێدانی ئابوریی ئێران.


وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، لە بارودۆخی گەمارۆ و سزاکاندا، وڵاتانی دراوسێ لە گرنگترین تواناکانی ئابوریی ئێران هەژمار دەکرێن، بۆیە پێویستە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لەگەڵیاندا پەرەی پێ بدرێت و ئاستەنگە ناوخۆییەکانی بەردەم کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران لا ببرێن.

عەراقچی راشکاوانە باسی لە کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی کرد و وتی: "بەشێکی بەرچاوی کێشەی چالاکوانانی ئابوری و هەناردەکاران سەرچاوەکەی ناوخۆییە و دەگەڕێتەوە بۆ پرۆسە ئاڵۆزەکانی ناو دەزگا جیاوازەکانی حکومەت". ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە لێکۆڵینەوەکانی ساڵی رابردوو دەریانخستووە زۆربەی بابەتەکان پەیوەندییان بە رێکارە ناوخۆییەکانەوە هەیە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوە داوای کرد دەسەڵاتی پارێزگاکان زیاد بکرێت و ئاسانکاریی تەواو بۆ کەرتی تایبەت بکرێت، بەتایبەت لە بوارەکانی گەشتیاری و پیشە دەستییەکاندا.

هەروەها عەراقچی رونی کردەوە، کە ئەرکی نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی دەرەوە لە پارێزگاکاندا ئەوەیە کە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ئاسان بکەن، تاوەکو ئەم توانایە زیاتر لە جاران لە خزمەت گەشەی ئابوری، بازرگانی و گەشتیاریی وڵاتدا بێت.


PM:03:35:15/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت