کۆمپانیاکانی سلێمانی وەڵامی فایناڵ چێک دەدەنەوە: بە زەبری حزب بازاڕ قۆرخ کراوە و خەڵک دەڕووتێنرێتەوە


وێستگەنیوز-

کۆمەڵێک کۆمپانیا لە بواری غاز و شۆفاژ لە سلێمانی، لە بەیاننامەیەکدا وەڵامی کۆمپانیای فایناڵ چێک دەدەنەوە و دەڵێن، ئەو کۆمپانیایە بە پاڵپشتی حیزب و بەکارهێنانی دامودەزگاکانی حکومەت، سەرقاڵی قۆرخکاری و سەپاندنی پارەی نایاساییە بەسەر کاسبکاران و نیشتەجێبوانی ستییەکاندا.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـەی ئابی 2026، لە بەیاننامەیەکدا 30 کۆمپانیای سلێمانی پشتگیری قسەکانی عەلی حەمە ساڵح دەکەن و دەڵێن: ئەو وەک پەرلەمانتارێکی ڕاستگۆ ڕاستییەکانی خستۆتە ڕوو، کۆمپانیای فایناڵ چێک دەیەوێت بەناوی پشکنین و سەلامەتییەوە سلێمانی بۆ خۆی چۆڵ بکات و ڕکابەرەکانی نەمێنێت.

کۆمپانیاکانی سلێمانی ڕایانگەیاند، کۆمپانیای فایناڵ چێک بۆ تەنها یەکجار سەردان و پشکنین بێ ئەوەی هیچ چاکسازییەک بکات، بڕی 24,000 دینار لە هەر شوقەیەک وەردەگرێت، هەروەها بۆ هەر قوفڵێک بڕی 45,000 دینار وەردەگرێت، کە ئەمە بە "ڕووتاندنەوەی خەڵک" ناودەبەن.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە لە ساڵی 2023 بە فشاری حزبی، بەرگێکی یاسایی بۆ ئەم کۆمپانیایە لە ئەنجومەنی پارێزگا دروستکراوە، لە کاتێکدا لە تەواوی عێراقدا بڕیارەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵوەشێنراوەتەوە.

دەشڵێن: ئەگەر پاڵپشتی حزب نەبێت، چۆن دەتوانن لایەنە حکومییەکانی وەک قائیمقامیەت و بەرگری شارستانی بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن؟

کۆمپانیاکان دەڵێن، سلێمانی پێشەنگی عێراقە لە بواری غاز و شۆفاژ و براندە جیهانییەکان لێرەن، بەڵام ئەو کۆمپانیایە بەهۆی کەم ئەزموونی و نەزانییانەوە، مەوادی براندە ئەوروپی و ئەمریکییەکان بە فەیک ناودەبەن تەنها بۆ ئەوەی خەڵک بترسینن و کارەکانیان بۆ خۆیان بێت.

لە کۆتاییدا جەخت دەکەنەوە کە ئەوەی دەکرێت پاراستنی خەڵک نییە، بەڵکو قۆرخکارییەکی گەورەیە و زیانێکی زۆری بە بازاڕ و کاسبکارانی سلێمانی گەیاندووە.


PM:05:12:13/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو